گەورەترین هیوایان گەڕانەوەیە بۆ عەفرین

دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠١٨دا هێرشی کردە سەر عەفرین و داگیری کرد. عەفرینییەکان بەهۆی ئەو داگیرکارییەوە ناچاربوون لە خاکی خۆیان کۆچ بکەن، بەڵام هەمیشە هیواخوازن و سوورن لەسەر ئەوەی ڕۆژێک بێت و بگەڕێنەوە بۆ عەفرین.

کاتێک عەفرین داگیرکرا، نزیکەی ٦٠٠ هەزار کەس ناچار بوون لە عەفرین کۆچ بکەن. بەشێک لە کۆچبەرەکان ئەوانە بوون، کە پێشتر لە حەلەب، حەما، حومس، دیمەشق، ئیدلب، عەزاز، ڕاعی، ئەختەرین، باب و جەرابلوسەوە کۆچیان کردبوو بۆ عەفرین و لەوێ  نیشتەجێ ببوون. هەندێکیان بۆ جاری سێیەم ناچاری کۆچبەری و ئاوارەیی کرانەوە. کۆچبەرەکان بە ناچاری لە گوند و شارۆچکەکانی ناوچەی شێراوای عەفرین و شەهبا، لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە نیشتەجێ بوون.

شەهبا

لە شەهبا ٢١٨ گوند و شارۆچکە هەیە. هەموو ئەو گوند و شارۆچکانە کوردن، بەڵام بەتێپەڕبوونی کات و لەگەڵ نیشتەجێبوونی عەرەبدا دانیشتوانەکەی بوو بە نیو بە نیو و نیوەیان کورد و نیوەکەی تریان عەرەبن. زۆربەی گوندەکانی شەهبا لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە داگیرکراون. باب و گوندەکانیشی بەتەواوی داگیرکراون. گوندەکانی تەل عەڕان و تەل حاسڵ، کەفەر زیریخ و هەندێک لە گوندەکانی شەهبا لەژێر کۆنترۆڵی ڕژێمدان.

عەفرینییەکان لە گوندەکانی برجخواز، گوندی مەزن، باشەمرە، قولتێ، عاقبە، سۆخانەک، زیارەت و خرابەک لە ناوچەی شێراوای عەفرین نیشتەجێ بوون. دەوڵەتی تورک بە تۆپ و هاوەن هێرش دەکاتە سەر ئەو گوندانە. بەشێکی تر لە هاووڵاتییان لە شار و شارۆچکەکانی دەورووبەری تل ڕەفعەت، دێرجەمەل، کەفەر نایا، ئەحراز، ئەحداس، فافین و ٤٦ گوندی تری شەهبادا نیشتەجێ بوون. بەشێکی تریشیان لە کامپەکانی بەرخۆدان، سەردەم، شێراوا و کۆچەر دان. نزیکەی ١٥٠ هەزار کەس لە گوند و شارۆچکە و کەمپەکانی شەهبا و شێراوا دەژین. زۆربەی خانووەکانی ئەو گوندانە و ناوچەکان بەهۆی شەڕی قورسەوە ڕووخاون و زیانی زۆریان پێگەیشتوە.

عەفرینییەکان لە شەهبا عەفرینێکی نوێیان دروستکردووە. لە ڕێگەی ئەنجوومەنەکان و کۆمۆنەکانەوە پێداویستییەکان بە شێوەی گشتی و هەرەوەزی دابین دەکرێت. لەو گوند و شارۆچکانەدا کێڵگەیان بەکرێ گرتووە و دەستیان بە کشتوکاڵ و بەرهەمهێنان کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا دوکاندار و بازرگانەکانیش دوکانی بچوکیان لە ئەحداس، فافین و تل ڕەفعەت و دێرجەمەل دروستکردووە و دەستیان بە دووکانداری کردووە. لە گوندەکانی ئەحراز، فافین، ئەحداس و زیارەت گوڕستان و لە ئەحرازیش مەزاری شەهیدانیان دروست کراوە.

ئەشرەفییە و شێخ مەقسود

ناوچەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی حەلەبیش ناوچە و گەڕەکی کوردن. لەو دوو گەڕەکەدا ٢٥٠ هەزار کەس دەژیان. لە مانگی ئایاری ٢٠١٣دا شەڕێکی گەورە لەو دوو گەڕەکەدا ڕوویاندا. زۆربەی خەڵکی ئەو گەڕەکانە کۆچیان کرد بۆ عەفرین. شەڕ لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە هەرگیز کۆتایی پێنەهات و هەمیشە بەردەوام بوو. ئەو بەشەی شار، کە هەمیشە شەڕی تیادا سەختتر بوو، ڕۆژئاوای شێخ مەقسود بوو. بەو هۆیەوە هیچ کەسێک لە شارەکەدا نەما. لەگەڵ ئەوەشدا گەلی عەفرین ئەو شوێنەیان گۆڕیوە بۆ شوێنی ژیان.

زیان و وێرانکارییەک، کە شەڕ لە سەرتاسەری سوریادا دروستیکرد لە هەموو شوێنێکدا دەبینرێت.

ڕێگاوبانە وێرانکراوەکان، خانووە روخاوەکان، گەڕەکە خاپورکراوەکان، کۆڵان و شەقامەکان و کاولکاریی زۆر گەورە، ئەو سەنگەرانەى لە ناو بیناکاندا دروستکران، مەتەرێز و ساترە و زۆرێکیتر لە پاشماوەکانی جەنگ، وەک شوێنەواری شەڕە قورسەکەی سوریا دەبینرێن.

یەکێک لە گەڕەکە ڕووخاوەکان گەڕەکی سەکین شەبابە، کە دەکەوێتە نێوان گەڕەکەکانی بەنزیتە و شێخ مەقسود.

گەڕەکەکان و شوێنە بازرگانییەکان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە. بۆستانباشی و شێخ نەجاڕ هەزاران کارگەیان تێدا بوو، بەڵام ئێستا تەنها دیواری کارگەکان ماون. هەموو کارگەکان براون بۆ تورکیا و لەوێ فرۆشراون.

گەڕەکی چۆڵکراو: حەی فەڵەستین، یان هەندەرات

یەکێک لەو ناوچانە، کە زۆرترین زیانی لە حەلەبدا بەرکەوتووە گەڕەکی حەی فەلەستینە، کە پێشی دەوترێت هەندەرات. هەندەرات ئەو شوێنەیە، کە فەلەستینیە هەڵهاتووەکان بەهۆی ستەمی ئیسرائیلەوە تیادا نیشتەجێ ببون، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی شەڕ لە حەلەب چەتەکان خۆیان لەو گەڕەکەدا جێگیر کرد. دەوترێت زۆربەی فەلەستینییەکانی ئەو ناوچەیە هەڵگری بیری ئیخوانی بوون، بۆیە چەتەکان لەوێ شوێن پێی خۆیان قایم کرد بوو. گەڕەکەکانی بۆستانباشی و شێخ نەجاڕ-یان تاڵانکرد. لەوێوە کەوتنەڕێ و مسلمییە و چەند ناوچەیەکی شەهبایان داگیرکرد.

هەندەرات ئێستا چۆڵە. دیمەنەکانی جەنگ، شوێنەوارەکانی شەڕی زۆر بە روونی تیادا دەبینریت.

وڵاتی مەنارە رووخاوەکان

لە سوریا لە هەر شوێنێک جەنگ ڕوویدا بێت زیانێکی زۆر گەورە بەو شوێنە گەیشتووە، بەڵام ئەوەی زۆرترین سەرنج بۆ خۆی  ڕادەکێشێت مەنارە رووخاوەکانە. لەو ناوچانەدا، کە شەڕ تیایاندا ڕوویداوە تەنانەت مەنارەکانیش بەسەر پێوە نەماون. هەموویان تێکشکێنران و رووخێنران.

لەڕۆژئاوای شێخ مەقسود گوندێک بەناوی گوندی پنۆ هەیە، کە گوندێکی کۆنە، بەڵام ئێستا ئەو گوندە بووە بەشێک لە شێخ مەقسود.

بەهۆی ڕووداوەکانی شێخ مەقسودەوە عەفرینییەکان لەو گوندەدا گۆڕستانێکیان دروستکرد. وەسیەتی عەفرینییە نێژراوەکان لەو گۆڕستانەدا ئەوە بوو، کە لە دوای بە خاکسپاردنیان نەمامێکی زەیتوون لە نزیک سەریاندا لەسەر گۆڕەکەیاندا بڕوێنن.

وەسیەتی دووەمی گەلی عەفرین ئەوەبوو، بۆ ئەوەى لە کاتی خۆیدا و ڕۆژێک تەرمەکانیان ببەنەوە بۆ عەفرین هەر بە تابوتەوە بە خاکیان بسپێرن.

خەون و تامەزرۆیی عەفرینییەکان

پیران و بە تەمەنەکانی عەفرین بۆ دیلکردنی خاکەکەیان زۆر توڕەن و زۆر تامەزرۆی خاکەکەیانن. بە هیوا و ئومێدێکی زۆرەوە دەڵێن: 'ڕۆژێک دەگەڕێینەوە'. هەرگیز دوورکەوتنەوە لە عەفرین لە مێشکیاندا جێی نابێتەوە.

یەکێک لەوانە دایە قەرەنفیلی تەمەن ٨٦ ساڵە.

دوو کوڕ و دوو نەوەی دایە قەرەنفیل شەهید بوون. عەلەوییەکی خەڵکی ماباتای عەفرینە. هەر هەڵدەستێت و دانیشێت، دوعا دەکات و لە خودا دەپاڕێتەوە و دەڵێت: "من تەنها شتێکم لە تۆ دەوێت، ئەویش ئەوەیە مردنەکەم دوا بخە تاوەکو بچمەوە بۆ عەفرین و لە عەفرین بمرم".

چیرۆکی دایە خەجێش زۆر دوور و درێژە، کە تامەزرۆ و پەرۆشی عەفرینە.

دایە خەجێ تەمەنی ٩٠ ساڵە و لەو ڕۆژەوە عەفرینی جێهێشتوە زەیتوون، هەنار، ترێ و هەنجیری نەخواردووە، چونکە هەموو ئەوانە لە باخچەی ماڵەکەیدا بوون. دایە خەجێ دەڵێت: "ڕۆژێک دەگەڕێمەوە و ئەو میوە و زەیتوونانە لە باخچەکەی خۆم دەخۆم".

دایکێکی تری تەمەن ٧٠ ساڵ لەو کاتەوە عەفرینی جێهێشتوە، زەیتوونی نەخواردوە، دۆی نەخواردووەتەوە و توتن و پەڕیشی نەپێچاوەتەوە و دەڵێت: "تاوەکو نەگەڕێمەوە بۆ عەفرین ئەوانە ناخۆم. بە دڵنیاییەوە ڕۆژێک دەگەڕێمەوە بۆ عەفرین و لە عەفرین دەیانخۆم".

ژ.ت