گوتەبێژی یەپەگە: هێرشەکانی دەوڵەتی تورک هیوا بۆ داعش دەگەڕێنێتەوە

نوری مەحمود ئاماژەی بەوەدا کە نابێت جیهان لەبیری بچێت کە داعش بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک هیوادارتر بووە و ڕایگەیاند، کە پێویستە جیهان ئەرکی خۆی لە دژی داعش جێبەجێ بکات و وتی، "ئامانجیان له‌ دوایین ئۆپه‌راسیۆن سەقامگیرکردنی‌ ئاسایشی ناوچه‌كه‌یه‌."

ئۆپەراسیۆنی "مرۆڤایەتی و ئاسایش" لە ٢٨ی ئازاری ٢٠٢١ لەدژی شانەكانی داعش رێكخرا كە دەیانویست لەناو كەمپی هۆل و دەرەوەی كەمپەكە خۆیان رێكبخەن و جارێكی دیكە خۆیان نوێ بكەنەوە. ڕاگەیەندرا کە لەو کاتەدا زیاتر لە ٣٠٠ سەرۆک چەتە دەستگیرکراون. ئەمساڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە هاوکاری شەڕڤانانی یەپەگە – یەپەژە و هەسەدە لە ٢٥ی ئاب قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکەیان دەستپێکرد.
 

نوری مەحمود گوتەبێژی گشتی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ئامانجی دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی "مرۆڤایەتی و ئاسایش"ی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) بەرز نرخاند.

نوری مەحمود لە سەرەتای قسەکانیدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە داعش دەیەوێت دەرفەتەکان بقۆزێتەوە و رایگەیاند، بەهۆی هێرش و هەڕەشەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، چەتەکانی داعش هیوایان بۆ گەڕاوەتەوە. نوری مەحمود وتیشی، "لەو رووداوانەی دواییدا كە لە بەندیخانەی خوێران لە شاری حەسەكە روویاندا، چەتەكانی داعش چالاكی و پلانە تیرۆریستییەكانی خۆیان ئەنجامداوە". هەروەها لەم دواییانەدا پلانیان دانابوو جارێکی دیکە ڕووداوەکە لە کەمپی هۆل دووبارە بکەنەوە بە هێرشکردنە سەر زیندانی سەناعە"خیێران". بەشێک لە پلانەکانیان شکستیان هێنا و پێویست بوو قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی بەردەوام بێت. چونکە چەتەکانی داعش هیوای خۆیان لە هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا وەردەگرن و هەوڵدەدەن جارێکی دیکە لەناو کەمپەکەدا خۆیان رێکبخەنەوە.

"هێزە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەرکەکانیان جێبەجێ ناکەن"

نوری مەحمود سەرنجی بۆ ڕێکخستنی چەتەکانی داعش لەناو کەمپی هۆل ڕاکێشا و بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانیدا، "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا لێکۆڵینەوە ئەنجام دەدرێت و ئەو بەڵگەنامانەی کە کۆدەکرێنەوە شێوازی ڕێکخستنی چەتەکانی داعش ئاشکرا دەکەن. بەڵام لەناو کەمپەکەدا، رێگەی جیاوازیان هەیە کە لە ڕێگەیانەوە خۆیان رێکدەخەن، وەک کوشتن و هەندێک کردەوەی تر کە لەناو کەمپی هۆل ئەنجامی دەدەن.ئەمەش بەهۆی هێرش و هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکەوەیە، کە وادەکات هێزەکانمان زیاتر مامەڵە لەگەڵ پاراستنی سنوورەکان بکەن. هێزە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەکانیش ئەرکەکانیان بۆ ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەجێ ناهێنن، بۆیە هەموو ئەمانە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی داعش لەناو کەمپەکە و دەرەوەی کەمپەکە خۆی ڕێکبخات. ئەم بابەتەش بەتەواوی لەسەر شانی بەڕێوەبەری خۆسەر، یەپەگە، یەپەژە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ماوەتەوە.

چەتەکانی داعش لەگەڵ هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک خۆیان رێکدەخەنەوە

نوری مەحمود ئەوەشی خستەڕوو كە ئەم کردەوانەی كە لەلایەن چەتەكان ئەنجام دەدرێن وایان لێدەكرد داعش بەرپرسیارێتی بگرێتە ئەستۆ و گوتیشی: "ئۆپەراسیۆنی لەم جۆرە بەردەوام دەبێت بۆ دەستەبەركردنی سەلامەتی خەڵك لە باكور و رۆژهەڵاتی سووریا. هەروەها ئەم ئۆپەراسیۆنە بەو مانایە نییە كە چەتەكانی داعش بە تەواوی لەناودەچن، چونکە ئەم ئۆپەراسیۆنە تەنها لەسەر کەمپی هۆلە، پێویستە جیهان بزانێت کە چەتەکانی داعش لەسەر بنەمای چاوەڕوانی هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و پلانی چەتەکانی داعش لەناو کەمپەکەدا خۆیان ڕێکدەخەن و میتی تورکیش لە زۆر ناوچەی دەرەوەی کەمپەکە پلان دادەڕێژێت.ئەم ئۆپەراسیۆنە یەکێکە لەو ئۆپەراسیۆنانەی کە لەڕێگەیەوە خەبات دەکەن، تێکۆشان لەدژی داعش بەم ئاراستەیە بەردەوام بێت. ئەم پرسە لەسەر شانی گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەجێهێڵراوە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان مامەڵە ناکات، لە ئەنجامی ئەوەشدا، چەتەکانی داعش کردەوە و داگیرکارییەکانیان ڕاناگرن”.

'ئۆپەراسیۆن تایبەتە بە کەمپی هۆڵ'

نوری مەحمود ئاشکرای کرد کە ئەم ئۆپەراسیۆنە بە تایبەتی بۆ کەمپی هۆل دەستیپێکردووە و وتی: "ئەم ئۆپەراسیۆنە بەپێی ئەو دەرفەتانە ئەنجام دەدرێت کە لەبەردەستی ئیدارەی خۆسەریدایە. چونکە هێزەکانی وەک تورک هاوکاری چەتەکانی داعش دەکەن، پشتگیری لەو شوێنانە وەردەگرن کە چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک داگیریان کردووە. لە ناوچە داگیرکراوەکان و ناوچەکانی دیکەی وەک ئیدلب و ناوچەکانی نێوان دێرەلزۆر و سیوەدە و لە سنووری عێراقەوە هاوکاری وەردەگرن. بەم ئۆپەراسیۆنە ناتوانرێت داعش بە تەواوی لەناوببرێت. هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەوەندە دەتوانێت بەو هەلانەی کە لە دەستی ئیدارەی خۆسەریدایە ناوچەکە بپارێزێت. چونکە چەتەکانی داعش تیرۆرێکی جیهانین و دەوڵەتێکی وەک دەوڵەتی تورکی، کە ئەندامی ناتۆیە هاوکاری چەتەکان دەکات”.

"هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کرد"

نوری مەحمود، گوتەبێژی گشتی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە کۆتایی قسەکانیدا رایگەیاند، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستی لەو ئۆپەراسیۆنەدا هەیە. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ پێویسته‌ جیهان به‌ جێبه‌جێكردنی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌رامبه‌ر ئه‌و چەتانە، ئه‌ركی خۆی به‌جێ بکات. مەحمود ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی ئەمەوەی گەل شۆڕشی خۆی ئەنجام دەدات، هەوڵ دەدات شۆڕشەکەیان سەربکەوێت و پێویستە جیهان ئەم ڕاستییە ببینێت و ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات”.

ف.ق