"هەڵمەتی ئازادی و چارەسەری گەشتر دەکەین"

'دەستپێشخەریی سوری بۆ ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان' ڕایگەیاند، ھەڵمەتی جیهانی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری بۆ پرسی کورد" فراوانتر دەکەن.

دەستپێشخەریی سوری بۆ ئازادی ڕێبەر ئۆجالان، لەبارەی هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد'، هەروەها گۆشەگیریی توندکراو لە ئیمراڵی و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەردۆغان وەک شاگردی ئەتاتورک و هیتلەر پێناسە کراوە و ئاماژە بەوەکراوە، "ناوبراو بەو سیاسەتە هێرش دەکاتە سەر گەلی کورد لە باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان".

دەستپێشخەرییەکە سەرنجی بۆ سیاسەتی گۆشەگیری و بەردەوامی سزاکانی دیسپلین ڕاکێشاوە کە بەسەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان سەپێندراون و ھێمای بۆ ئەوەکردووە، لە ڕێگەی ئەو کارە نایاساییانە لە کەسایەتی عەبدوڵا ئۆجالاندا هەوڵی لەناوبردنی گەلی کورد دەدەن.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا بە ناوی دەستپێشخەریی سوری بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، بانگەواز ئاراستەی ڕایگشتیی جیهان و گەلانی ئازادیخواز کراوە، لە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا دژی کوردان تێبگەن و تێیدا ھاتووە، "لە لایەکەوە بە شێوەیەکی دڕندانە ھێرش دەکاتە سەر ناوچەکە، خەڵک دەکوژێت، دانیشتووانی ناوچەکە کۆچبەر دەکات، ژێرخانەکان وێران دەکات. لە لایەکی دیکەوە گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئۆجالان دژوارتر و توندتر دەکرێت و سزای زیاتری بەسەردا دەسەپێندرێت، بەمەش دەنگی ملیۆنان ئەندامی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، سیاسەتمەداران، کەسانی خاوەن ھزر و ئەندێشەی ئازاد، فەیلەسوف، زانا، نووسەر و خاوەن خەڵاتی نۆبڵ، لە سەرتاسەری جیهان پشتگوێ دەخات".

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، وەک دەستپێشخەریی سوری بۆ ئازادی ڕێبەر ئۆجالان، ئەو ھەڵمەتە جیهانییەیی لە پێناو بەدیهێنانی ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان و دەستەبەرکردنی چارەسەری پرسی کورد دەستیپێکردووە، فراوانتر دەکەن. جەختیشکراوەتەوە، "تێکۆشانمان تا کۆتاییھێنان بە گۆشەگیری و مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان بەردەوام دەبێت".