HRE: لە چالاکییەکانی تۆڵەسەندنەوەدا ٦ داگیرکەر کوژران

هێزەکانی رزگاریی عەفرین- HRE رایگەیاند لە ئەنجامی چالاکییەکانیاندا ٦ داگیرکەر کوژراون و لەم بارەیەوە راگەیێنراوێکی بڵاو کردەوە.

HRE جەختی لەوە کردەوە، لە چوارچێوەی تۆڵەسەندنەوەدا چالاکییەکانیان بە بێ وەستان لە عەفرینی داگیرکراو و دەوروبەری بەردەوام دەبێت و لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە:

"لە دژی سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی، چالاکیی هێزەکانمان بۆ تۆڵەسەندنەوە بە بێ وەستان بەدەوامن.

لە ٢٦ی تشرینی دووهەم لە دەوروبەری شاری مارێ، هێزەکانمان بە چالاکییەک، چەتەکانی سوپای تورکی داگیرکەریان بەئامانج گرت و لە ئەنجامدا چەتەیەک کوژرا.

لە ٢٧ی تشرینی دووهەمیش لە گوندی کەفەر کلبن-ی سەر بە ناوچەی عەزاز هێزەکانمان لە دژی چەتەکانی 'ئەحرار شیمال' چالاکییەکی سابۆتاژیان ئەنجامدا.  لە ئەنجامی چالاکییەکەدا ٣ چەتەی ئەو گروپە تیرۆرستییە کوژران و ٣ چەتەی دیکەش بریندار بوون.

هەمان رۆژ لە دەوروبەری شاری مارێ، هێزەکانمان لە دژی سەنگەرەکانی گروپی 'لیوای موتعسیم' چالاکییەکیان ئەنجامداو بەو هۆیەوە ئۆتۆمبیلێکی سەربازییان لەناو برد و ٢ چەتە کوژران و سییانیشان بریندار بوون."

ز.ش