هێرشە داگیرکارییەکان: زۆرێک لە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان کرانە ئامانج

کۆنسەی بەڕێوەبەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی کانتۆنی جەزیرە، ڕایگەیاند لە هێرشەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کۆمەڵێک دامەزراوەی خزمەتگوزاری کراوەتە ئامانج.

کۆنسەی بەڕێوەبەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی کانتۆنی جەزیرە لەبەردەم ناوەندی چاند و هونەری محمەد شێخۆ لە قامیشلۆ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا.

بەیاننامەکە لە لایەن هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری تەلعەت یونس و هاسەرۆکی دەستەی پەروەردە و فێرکردن گوڵستان ئیسماعیل خوێندرایەوە.

لە بەیاننامەکەدا ئەوە دەرخراوە کە سوپای تورک لە ١٢و ١٤ی کانوونی یەکەم، ژێرخان، شوێنە خزمەتگوزاریی و ستراتیژییەکانی ناوچەی دێرک، تربەسپی، ڕمێلان و چلاغای کانتۆنی جزیرەی بۆردومان کردوە.

کۆنسەی بەڕێوەبەری ئەوەی دەرخست لە دەرنجامی ئەم هێرشە بەردەوامانەدا، دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی ئاو، کارەبا و کشتوکاڵ، لە خزمەتکردن وەستاون.

بەڕێوەبەری خۆبەڕێوەبەری کانتۆنەکە داوای لە ‌هێزە چالاکەکانی سوریا، کۆمەڵگەی نێونەتەوەی، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد، کۆتای بەم هێرشانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بهێنن و لە بەر تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت.

هەرەوەها لە بەیاننامەکەدا داوا لە گەلی هەرێمەکە کرا لە دەوری دامەزراوەکانیان گردبنەوە و دەستکەوتەکانی شۆڕش بپارێزن.