هەرەئە لە ئەعزاز وەڵامی دایەوە: ٥ سەربازی تورک کوژران و ٩ بریندار بوون

هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین (هەرەئە) ڕایگەیاند، وەڵامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیان داوەتەوە، ٥ سەرباز کوژراون و ٩ سەرباز بە سەختی برینداربوون.

هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین (هەرەئە) بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بەتایبەت هێرشەکانی ٥ ی تشرینی یەکەم، چالاکی وەڵامدانەوەی ئەنجامدا.

هەرەئە پەیوەست بەم بابەتە ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە، زانیارییەکان بەم جۆرەن:

" بە پاساوی چالاکییە فیداکارییەکەی ئەنقەرە، هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک و گروپە چەتەکانی لە سەرانسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستی پێ کردووە و تا ئێستاش بەردەوامە. لەپێشدا، شوێنە خزمەتگوزارییەکان، هەموو شوێنەکانی پێویستی ژیان و بەتایبەتی گەلەکەمان لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکەی سیخوڕیەوە کرانە ئامانج. هەروەها لە سەرتاسەری هەرێمەکەدا تۆپبارانێکی چڕ لەدژی گەلەکەمان دەکرێت.

هەڵبەت لە ڕۆژی داگیرکردنی عەفرینەوە تا ئەمڕۆ، دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی ستەم و قڕکردنێکی مەزن و فراوان دژی گەلەکەمان ئەنجام دەدەن. لە گرتنی هاوڵاتیانەوە تا ڕفاندنی مرۆڤ، گۆڕینی دیمۆگرافی هەرێمەکە، کۆچبەرکردنی زۆرەملێی گەل لە زێدی خۆیان، دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی گەلەکەمان، بە شێوازی شەڕی تایبەت و قێزەون دەیانەوێت گەلەکەمان قڕبکەن. لەگەڵ ئەو هێرشە بەردەوامانەدا، لە ٥ ی تشرینی یەکەمەوە سوپای داگیرکەری تورک، هێرشەکانی زیاتر کردووە.

لە ڕۆژی ٥ ی تشرینی یەکەم، گوندەکانی شوارغە و مەرەعناز و کشتعار و سۆغانکە و بێنە و گوندی مەزن و دێر جەمال و زیارەت و مەیاسە و شەعالە و زیوان و شێخ عیسا و کەفەر نایا و شارۆچکەی تەل ڕەفعەت بە فڕۆکەی سیخوڕی و تۆپ و هاوەن کراونەتە ئامانج. هەروەها گوندەکانی بێلونە و عەین دەقنە و مالیکیە و گوندی زیارەت، بە فڕۆکەی جەنگی بۆردومان کراون. لە وەڵامی ئەم هێرشانەی دوژمن، لەلایەن هێزەکانمانەوە، چالاکیی وەڵامدانەوە ئەنجامدراوە، لەم چوارچێوەیەدا؛

لە ٥ ی تشرینی یەکەمدا هێزەکانمان ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتیان بۆ سەر بنکەی دەوڵەتی داگیرکەر تورک لە دابقی سەر بە شارۆچکەی ئەعزاز ئەنجامدا. لە ئەنجامی ئەم چالاکییەدا ٥ سەربازی سوپای داگیرکەری تورک کوژران و ٩ سەربازی داگیرکەریش بە سەختی بریندار بوون. لە هەمان کاتدا گورز لە ئۆتۆمبێلێک و بنکەیەکی دوژمن وەشێنرا. هەر لەو ڕۆژەدا فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی سوپای تورک لە گوندی شوارغە سەر بە شارۆچکەی شەرا خرایە خوارەوە".