هەزاران کەس دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک هاتنە گۆڕەپانەکان

هەزاران دانیشتووی شار و گوندەکانی هەرێمی جەزیرە، دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک هاتنە گۆڕەپانەکان.

هەزاران دانیشتووی هەرێمی جەزیرە، دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکە ڕێپێوانی جەماوەرییان ئەنجامدا.  

تربەسپی

سەدان کەس لە ناوچەی تربەسپی بە ڕێپێوانێک هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شەرمەزار کرد و ڕایانگەیاند کە بەردەوام دەبن لە بەرخۆدان دژی هێرشەکان.

بەشداربووان لە پێکهاتەکانی عەرەب و کورد و سوریانی لە بەردەم مەجلیسی ناوچەی تربەسپی کۆبوونەوە و چوونە بازاڕی ناوەندی و هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیان شەرمەزار کرد و ڕایانگەیاند کە ئامانج لەو هێرشانە تێکدانی ئاسایش و سەقامگیرییە.

لە بازاڕی ناوەندی گردبوونەوەیەک بەڕێوەچوو، ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیی پەیەدە بە ناوی سولەیمان عەرەب، ئاماژەی بەوە کرد، داگیرکەری تورک لە سیاسەتی نانەوەی فیتنە لە دەیرەزۆر شکستی هێنا، ئێستا ژێرخانی هەرێمەکە دەکاتە ئامانج و فشار دەخاتە سەر گەلی هەرێمەکە.

بانگەوازی لە حکومەتی شام و هێزە نێونەتەوەییەکان کرد، هەڵوێست دژی تاوانەکان پیشان بدەن.

چلاغا

لە چلاغا بەهەمانشێوە، ڕێپێوانێکی جەماوەری بەڕێوەچوو.

لە ڕێپێوانەکەدا درووشمی "فاشیزمی تورک هەڕەشە لە ئاسایشی جیهان دەکات"  و"پێکەوە دژی تیرۆر دەوەستین" و "تۆڵەی خوێنی شەهید و هاواری مناڵەکانمان دەکەینەوە" بەرزکرایەوە.

هاوسەرۆکی نوسینگەی پەیەدەی چلاغا، عەبدولسەلام عەباس، گوتی: "دەوڵەتی تورک هەرچەند هەوڵبدات، ناتوانێت ئیرادەی گەلان بشکێنێت، گەلان هەردەم ئامادەن بۆ ئازادی و پاراستنی پرۆژە دیموکراتیکەکەیان گیانیان بەخت بکەن".

تەل حەمیس

سەدان دانیشتووی تەل حەمیس، بۆ هەمان مەبەست ڕێپێوانێکی جەماوەریان ڕێکخست. هاوسەرۆکی مەجلیسی تەل حەمیس، محەمەد ئەلشەمەری، ئاماژەی بەوە کرد، هێرشە دڕندانەکان، پیشاندەری زیهنیەتی دەوڵەتی تورکی فاشیستە و ئامانجی قڕکردنی گەلانی هەرێمەکەیە، بەڵام ئەم پلانانە سەرناکەون.

بانگەوازی لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد، دژی هێرشەکان بوەستنەوە.

ڕاگەیاندراوی ڕێکخراوی نودەم

هەروەها ڕێکخراوی کەمئەندامانی نودەم ڕاگەیاندراوێکی لەم بارەیەوە خوێندەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتبوو: "لەم هێرشانەدا زیاتر کەسان و مناڵانی کەمئەندام تووشی ناڕەحەتی دەبن".

بانگەواز لە هەموو دامەزراوە و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان کرا، دژی هێرشەکان هەڵوێست وەربگرن.

ڕەقە

سەدان هاوڵاتیی شاری ڕەقە بە ڕێپێوانێک هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان شەرمەزار کرد.

ڕێپێوانەکە لە بەردەم مزگەوتی نور لە ڕۆژئاوای شارەکە دەستیپێکرد و درووشمی "نا بۆ داگیرکاری تورک"، "بژی بەرخۆدانی گەل"، "بژی قەسەدە" و "بمرێ دەوڵەتی فاشیستی تورک" بەرز کردەوە.

مەجلیسی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا لە ڕاگەیاندراوێکدا، دووپاتیان کردەوە: "ناهێڵین دوژمن بگاتە ئامانجەکانی و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زیندوو بکاتەوە".

بەناوی کۆمیتەی کاروباری ئایینی شاری ڕەقەوە، یەحیا مەحمود ڕایگەیاند، لەبەرامبەر ئەو پلانانەی دژی هەرێمە ئارامەکانمان داڕێژراون بێدەنگ نابین.

حەلەب

بە پێشەنگایەتی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان، سەدان دانیشتووی گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان شەرمەزار کرد.

ڕێپێوانێک لە هۆڵی کۆبوونەوەی ٨ ی ئادار لە ڕۆژهەڵاتی گەڕەکی شێخ مەقسود دەستی پێ کرد، پانکارتی "نا بح داگیرکاری و قڕکردن" و "دەست لە ڕۆژئاوا هەڵگرە، ئەردۆگانی بکوژ" و "بەرامبەر هێرشی قڕکردن ئاستی بەرخۆدان و تێکۆشان بەرزکەنەوە".

ڕێپێوان لە گۆڕەپانی ٧ ی شەهیدان وەستا. هاوسەرۆکی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی حەلەب، ڕەوشەن محەمەد، هێرشەکان دەرخەری لاوازبوونی داگیرکەری تورکە، دەیەوێت بەم هێرشانە ڕەوشی خۆی بشارێتەوە و ڕای گشتی فریوبدات، دووپاتی کردەوە، بەردەوامی هێرشەکان دەبێتە هۆی ژیانەوە شانە نوستووەکانی داعش.

لەکۆتاییدا بەشداران بەڵێنیان دا، بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، یەکگرتوودەبن و تێکۆشان بەهێزتر دەکەن.