هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ: دەوڵەتی تورک خەڵکی مەدەنی دەکوژێت

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، لە ١٥ هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ٢ کەسی مەدەنی و ٦ ئەندامی هێزەکانیان شەهیدبوون.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەسەر هەرێمەکە و ئەنجامی هێرشەکان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

ڕاگەیاندراوەکە بەم جۆرەیە:

"دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە (٥ی تشرینی یەکەم) زیاتر لە ١٥ هێرشی ئاسمانی بۆسەر هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامداوە. جارێکی تریش چەندین خاڵ و ژێرخانی هەرێمیی و ناوەندە خزمەتگوزارییەکان و وێستگەکانی پیتڕۆڵ و ناوچە مەدەنییەکان کرانە ئامانج و لە ئەنجامدا شەهید و برینداری لێکەوتەوە.

ئێمە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکە و زیانەکان بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنین:

- لە نزیک کەمپی کۆچبەرانی واشوکانی لە گوندەواری حەسەکە ٢ هێرشی ئاسمانی ئەنجامدران.

- کارگەیەک لە گوندی مشیرفە حەمە لە ڕۆژئاوای حەسەکە کرایە ئامانج، ٣ مەدەنی بریندار بوون.

- دەورووبەری بەنداوی چلاغا لە باکوری ناوچەی چلاغا سەر بە کانتۆنی قامیشلۆ کرایە ئامانج.

- لە گوندی خەراب عەشکە لە باشوری ڕۆژهەڵاتی کانتۆنی کۆبانێ، لەسەر ڕێگای M4 ماتۆڕسکیلێک کرایە ئامانج و لە ئەنجامدا ٢ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون.

- لە بەشێک لە گوندەکانی کۆبانێ، تەل تەمر و حەسەکە، ناوچەی نیشتەجێبوون کرانە ئامانج.

- کۆگایەکی پیترۆڵ لە نزیک گوندی گردەهۆڵ لە باشوری ڕۆژئاوای ناوچەی تربەسپی کرایە ئامانج.

- وێستگەی پیترۆڵی گوندی ئەلقەوس لە گوندەواری ناوچەی چلاغا سەر بە کانتۆنی قامیشلۆ کرایە ئامانج.

- دەوروبەری وێستگەی ئاو لە گوندی ڕیکوبا لە باشوری ناوچەی تەل تەمر کرایە ئامانج و لە ئەنجامدا زیانی مادی کەوتەوە.

- گوندی تیل حەبەش لە باشوری ناوچەی عامودا سەر بە کانتۆنی قامیشلۆ کرایە ئامانج و لە ئەنجامدا ٦ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ شەهید بوون.

بانگەواز لە هەموو پێکهاتەکانی گەلەکەمان دەکەین وەک قۆناغەکانی پێشوو یەک و یەکگرتوو بن، لە پاراستنی خاکەکانماندا بەردەوام و پێداگرین. داوا لە گەلەکەمان دەکەین دەنگی خۆیان لە دژی هێرشەکانی تورکیا بەرز بکەنەوە، کە دەستکەوتەکانی گەلەکەمان و ژیانی ئازاد و شکۆمەندانە و ئاشتی ناوخۆیی و سەقامگیری هەرێمەکانمان دەکەنە ئامانج".