بە دیمەن

جۆشوخرۆشی ٨ـی ئادار لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا

لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە جۆش و خرۆشی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنانی کرێکاردا، سڵاو لە پەیامی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ٨ی ئادار و بەرخۆدانی بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق کرا.

چالاکی ٨ـی ئادار

لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنانی کرێکار بە جۆش و خرۆشەوە پیرۆز دەکرێت.

حەسەکە

بەبۆنەی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنانی کرێکار بە هەزاران ژن لە پێکهاتەکانی کورد، عەرەب، سریان و ئەرمەنی لە حەسەکە، تەل تەمر، درباسیە، شەدادی، هۆڵ، عەرشا، کەمپی واشکۆکانی و سەرێکانی لە یاریگای بەلەدی شاری حەسەکە کانتۆنی جزیرە کۆبوونەوە و بە جۆش و خرۆشەوە ٨ی ئاداریان پیرۆز کرد.

یاریگای بەلەدی بە ئاڵاکانی کۆنگرەی ستار، یەپەژە، وێنەی ڕێبەر ئاپۆ، وێنەی شەهیدان و پانکارت بە نوسینی 'لەگەڵ ژنی ئازاد بەرەو سووریایەکی دیموکراتیک' پاش خولەکێک ڕێزگرتن ئاهەنگەکە دەستی پێکرد.

هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) پەروین یوسف ٨ی ئاداری لە تەواوی ژنان پیرۆز کرد و گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ ٢٦ ساڵە لە زیندانی ئیمراڵی تێکۆشان دەکات، زیندانی گۆڕی بۆ شوێنی ژیان، ئاشتیی، دیموکراسی و یەکسانی. ڕێبەرێتی جەخت دەکاتەوە ئەو قۆناغەی دەستی پێکردوە بە پێشەنگایەتی و ئیرادەی ژنانی ئازاد بەڕێوەدەچێت".

بە ناوی ژنانی عەرەبەوە سەمەر عەبدوڵا تێکۆشانی مێژووی ژنانی پیرۆز کرد و گوتی: "ڕۆژی ژنانی جیهانی، ڕۆژی دەستپێکردنی تێکۆشان و بەرخۆدانە لە بەرانبەر زوڵم و زۆرداری. بانگەواز لە تەواوی ژنانی سوری دەکەم ئاستی تێکۆشان بەرز بکەن و خاوەندارێتی لە مێژووی تێکۆشان بکەن".

پاشان بە ناوی پێکهاتەی سریانییەوە سۆفیا یوسف ئاماژەی بەوەدا یەکگرتن و یەکێتی ژنان سووریا بەرەو ژیانێکی ئازاد دەبات و گوتی: "پڕۆسە پڕۆسەی بەرزکردنەوەی تێکۆشانە. ئەمڕۆ ئەرکی هەموو ژنێکە لە سووریادا بۆ ئازادی و دیموکراسی ڕاپەڕێت و بەرخۆدان بکات تاوەکو بتوانین لە سووریایەکی  ئازاد و ناناوەندییدا ژیان بکەین".

بەناوی پێکهاتەکانی ئەرمەن لۆنسناک کاڤۆریان ٨ی ئاداری لە تەواوی ژنان پیرۆز کرد و گوتی: "ژنان لە مێژوودا چەندین هەنگاویان ناوە، ئەمڕۆش دەستکەوتەکانی شۆڕش لە سایەیی ڕەنجی ژنانەوەیە، هەربۆیە پێویستە خاوەندارێتی لە مێژووی تێکۆشان و بەرخۆدان بکەن".

پاشان ئاهەنگەکە بە پێشکەشکردنی گۆرانی فۆلکلۆریی لەلایەن گروپی گرستێرکی هیلالی زێڕین، گروپی میوزیکی ئەرژین، گروپی بیرهات تەل تەمر، گروپی سەردەم، گروپی ئەرتساخسی ئەرمەنی، گروپی شۆڕش و گروپی میوزیکی ئەرمەنی، هەروەها شانۆی گروپی شەهید دارسینی هیلالی زێڕین بەردەوام دەبێت.
         

قامیشلۆ

بە هەزاران کەس لە دانیشتوانی قامیشلۆ، عامودا، تل حەمیس، گرکێ لەگێ، دێرک، تل کۆچەر و تربەسپێ بە درووشمی "بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادییەوە بەرەو سووریایەکی دیموکراتیک" ٨ـی ئادارییان لە گوندی حیمۆی شاری قامیشلۆ پێرۆز کرد.

پیرۆزکردنە بە خولەکێک ڕێزلێنان دەستیپێکرد. دواتر لە دەستەی بەڕێوەبەری کۆنگرە ستار ئەلیف حەمۆ قسەیکرد و ٨ـی ئاداری لە تەواوی ژنان پیرۆز کرد و سڵاوی لە بەرخۆدانی بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق کرد. لە بەردەومییدا ئەلیف جەختیکردەوە بە ئیرادەی ٨ـی ئاداراوە بەردەوام دەبن لە تێکۆشان تا مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ.

هەر لە پیرۆزکردنەکەدا چەندان ژنی دیکە قسەیان کرد و لە پەیامەکانییدا جەختییان کردەوە لە بەردەوامی تێکۆشانی ئازادی ژنان.

پیرۆزکردنە بە گێڕانی ئاهەنگ و وتنەوەی درووشمەوە بەردەوام بوو.

حەلەب

لە گۆڕەپانی نەورۆزی هەرێمی شقێفی حەلەب بە درووشمی "بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادییەوە بەرەو سووریایەکی دیموکراتیک" ٨ـی ئادارییان پیرۆز کرد.

لە گۆڕەپانی پیرۆزکردنەکە وێنەی ڕێبەر ئاپۆ و ژنانی شەهید، ئاڵای کۆنگرە ستار و تابلۆ بەرخۆدێرانی بەنداوی تشرین بەرزکرانەوە.

پیرۆز کردنەکە بە خولەکێک ڕێزلێنان دەستیپێکرد و دواتر ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرە ستار ڕیحان عەلۆ قسەیکرد و ڕۆژی جیهانی ژنانی کرێکاری لە ڕێبەر ئاپۆ، ژنانی تێکۆشەی جیهان و شەهیدان پیرۆز کرد.

ڕیحان لە قسەکانییدا دەستنیشانی کرد لەگەڵ پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆدا تێکۆشانیان بڵندتر دەکەنەوە.

هەر لە پیرۆزکردنەکەدا لەسەر ناوی پێکهاتە مەسیحییەکان باسل قیس نەسرەڵایش ڕۆژی ٨ـی ئاداری لە بەشداربوون، ژنانی جیهان و ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز کرد.

کۆبانێ

بە هەزاران کەس لە دانیشتوانی کۆبانێ بە درووشمی "بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادییەوە بەرەو سووریایەکی دیموکراتیک" ٨ـی ئادارییان لە گۆڕەپانی شەهید عەگید لە شاری کۆبانێ پیرۆز کرد.

پیرۆز کردنەکە بە خولەکێک ڕێزلێنان لە شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری دەستپێکرد، دواتر هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئیلهام ئەحمەد قسەیکرد و ڕۆژی ٨ـی ئاداری لە هەموو ژنان، لە شەهیدان و شەڕڤانانی نێو سەرنگەرەکانی بەرخۆدان پیرۆز کرد و وتی: "هەر گوفتار و کردارێک بە مانای دیاریکردنی ئایندە دێت. گەر لەمڕۆدا لێردا کۆبووینەتەوە و ٨ـی ئاداری پیرۆز دەکەین، هەموو دەرنجامی گیان بەخشی شەهیدانمانە."
         

تشرین

بەرخۆدانی بەندوای تشرین کە ٦٠هەمین ڕۆژی خۆیدایە، بە بەشداربوونی دانیشتوانی کانتۆنی جزیرە بەردەوامە.

بە بۆنەی ٨ـی ئادار کۆنگرە ستار لەسەر بەنداوی تشرین ڕاگەیاندراوێکی دا. هەر لە ساتی خوێندنەوەی ڕاگەیاندراوەکەدا سووپای دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی دەورووبەری بەندوای تشرینیان بۆردوومان دەکرد.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ٨ـی ئادار لە هەموو ژنان پیرۆز کراو و دەستینشان کرا ٨ـی ئاداری ئەمساڵ لەگەڵ بانگەوازی و پەیامەکانی ڕێبەر ئاپۆدا بە جۆشتر بووە و بووە بە بنەما بۆ بەرفراوانکردنی تێکۆشان.