کۆبوونەوەکانی دەبەپە و دەم پارتی لە ڕۆژئاوا بەردەوامە

شاندی دەبەپە و دەم پارتی لە چوارچێوەی سەردانەکانیان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ بەرپرسانی پەیەدە و ئەنەکەسە کۆبوونەوە.

شاندی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) و پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە بەشدارییان لە کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کورد کرد، درێژە بە کۆبوونەوەکانیان دەدەن.

شاندەکە پێکهاتبوو لە هاوسەرۆکی دەبەپە کەسکین بایندەر، ئەندامی دەم پارتی سەرحەد ئەرەن، پەرلەمانتارانی دەم پارتی ساڵیحە ئایدەنیز و گوڵجان کاچماز و محەمەد کاماچ، سەردانی شارەوانی قامیشلۆ و پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە)، پارتی دیموکراتی کوردستانی_سوریا (پەدەکە_سە) و یەکێتی ئێزدییەکانی سوریایان کرد.

لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ کرا دەربارەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ.

شاندەکە سبەی سەردانی ناوەندی ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) لە قامیشلۆ دەکات.