خەلیل: چارەسەری کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیل لە نێو لەپی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالاندایە

ئاڵدار خەلیل، ئاماژە بە چەپەڵییەکانی دەوڵەت نەتەوە و ئەو ڕۆڵە قێزەون و قڕێژەش دەکات وا ئەردۆگان لەسەر خوێنی ئەو دوو گەلە دەیگێڕێ. هەروەها چارەسەریش لە فەلسەفە و ڕامانی ڕێبەر ئاپۆدا بۆ قودس و کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین دەبینێت.

ئاڵدار خەلیلی ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیی (پەیەدە) سەبارەت بەو مژارانەی بوون بە ڕۆژەڤ، بە تایبەت ڕەوشی فەڵەستین و ئیسرائیل و ئەو سیاسەتەی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناویین جێبەجی دەکرێت، لە ڕێی خوێندنەوەیەکی مێژووییەوە ئەم نرخاندنەی کرد.

ئاڵدار خەلیل ئاماژەی بەوە دا، کە تا ساڵی ١٩٤٨ سێ ئایینی ئاسمانی لە فەلەستین-ئیسرائیل پێکەوە دەژیان، کاتێک کۆماری ئیسرائیل ڕاگەیەنرا، شەڕ گەیشتە چڵەپۆپە.

''ئەو گەلانەی هەزاران ساڵ لەسەر ئەو خاکە بوون، گەلی فەلەستین و عەرەب و موسڵمان و کریستیان کەوتنە دەرەوەی ئەم پڕۆژەیە، بەپێی ئەم بنەمایە شەڕە مێژووییەکە نوێ کرایەوە. بوو بە ناوچەیەک کە ئەو شەڕە دیرۆکییەی لێوە دەست پێ کرد و وەک تەڵەزگەی موسڵمان و یەهوودیی و عەرەب-عیبرانیی یان فەلەستین و ئیسرائیل ناودێر کرا. دەبێت دەستبەجێ ئەم ئارێشەیە چارە بکرێت، لێ بەداخەوە لە ساڵی ١٩٤٨ـەوە تا دێ گەورەتر دەبێت و چارەسەر ناکرێت.''

'ئەم کێشەیە بەپێی پارادیگمای ڕێبەر ئاپۆ چارە دەکرێت'

هەروەها ئاڵدار خەلیل تیشکی خستە سەر سیستەمی نەتەوەی دیموکرات و وتی؛ ڕێبەر ئاپۆ پارادیگمای نەتەوەی دیموکرات و ئیکۆلۆژیی و ئازادیی ژن خستە جێی سیستەمی دەوڵەت- نەتەوە.

''شۆڕشی کوردستان دەیان ساڵ بۆ هەمان ئامانج تێ دەکۆشا، بەڵام پاشان زانرا ئەمە ڕاست نییە و هۆکاری سەرەکی چەوسانەوە و داگیرکاریی سەر ڕاسەری سەرپاکی کوردان دەوڵەت نەتەوەیە. لەبەر ئەوەی دەوڵەتی ئیسرائیل پێ لە سەر سیستەم و سیاسەتی خۆی دادەگرێ و گەل و بزووتنەوەی فەلەستینیش ناتوانن ئیدارەیەکی پێشەنگ پێک بێنن، سا بۆیە لە بری ئەمە چارەسەری شەڕ دژوارتر بوو. وا ٧٥ ساڵ تێ دەپەڕێت، بەڵام بڵێسەی ئەم ئاژاوەیە تا دەڕوات گڕ دەستێنێ.''

'ئەردۆگان ئێشوئازاری گەلی فەلەستین بە کار دێنێ'

ئاڵدار خەلیل ئاماژەی بەوە کرد کە حەماس پەیوەندییەکی ڕیشاژۆیان لەگەڵ ئەردۆگان هەیە و ئەردۆگان سوود لە ئێشوئازاری گەلی فەلەستین دەبینێت.

''ئەردۆگان کاتێک دەبینێت ناتانیاهۆ کێشەکان چارە ناکات و شەڕەکە دژوارتر دەکات، لە ڕێی بەکارهێنانی دۆزی گەلی فەلەستین و سیاسەتێکی دڕندانە و خەڵەتێنەری کرد و ڕێی بە حەماس دا تا ئەم هێرشە بکات. ئێستا ڕەوشەکە فرە تێکەولێکەیە، ئەردۆگان چاوەڕێیە تا ئەمریکا و هێزەکانی تر بگەڕێنەوە سەر ڕێبازی پێشووی بازرگانیی و تورکیاش پێگەی پێشووتری خۆی بەدەست بهێنێتەوە.''

'لاساییکردنەوەی ئەم سیستەمە هەنووکەییە کێشەی گەلی فەلەستین چارە ناکات'

لە کۆتاییشدا ئاڵدار خەلیل ڕێی چارەسەری کێشەی فەلەستینی لەوەدا بینی کە گەرەکە پڕۆژە و پێشنیارەکانی ڕیبەر ئاپۆ بە بنەما بگیرێن.

''ئەم پێشنیار و فیکرە پی لە سەر پارادیگمای پاراستنی ئازادیی ژن و دیموکراتیی و ئیکۆلۆژی و ژیانی هاوبەش دادەگرێت. لاساییکردنەوەی سیستەمی هەنووکەیی کێشەکانی گەلی فەلەوستین چارە ناکات. هاوکات ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی چەوسێنەرانی وەک ئەردۆگان دۆزی فەڵەستین بکەنە قوربانی بەرژەوەندییەکانیان.''