ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ هۆشداری دەداتە دەوڵەتی تورک

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، دووپاتی دەکاتەوە، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، زیانێکی زۆری گەیاندۆتە ژێرخانی هەرێمەکە، بەهۆیەوە ملیۆنان کەس بێ ئاو و کارەبا بوون.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ( HUMAN RIGHTS WATCH-HRW) کە بارەگاکەی لە ئەمریکایە، پەیوەست بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ٥-١٠ ی تشرینی یەکەم بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕاپۆرتێکی لەسەر ماڵپەرەکەی بڵاوکردەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە هەرێمەکانی جەزیرە و حەسەکە و ڕەقە و شەهبا، زیاتر لە ١٥٠ خاڵ کراونەتە ئامانج، دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە و زیانێکی زۆر گەیشتۆتە ژێرخانە مەدەنییەکان.

لە هێرشەکاندا، زیان بە ٤،٣ ملیۆن مرۆڤ کەوتووە، ١٨ وێستگەی ئاو و ١١ ناوەندی دابینکردنی کارەبا کراونەتە ئامانج، هیچکامیان توانای کارکردنیان نەماوە.هەروەها هاتووە: "خەڵکی هەرێمەکە خۆیان بەدەست قەیرانی ئاو دەیانناڵاند، بەم هێرشانە ڕەوشیان هێندەی تر خراپ بوو".

لە ڕاپۆرتەکەدا دووپاتکراوەتەوە، دەوڵەتی تورک بەم کارانە مافەکانی خەڵکی هەرێمەکە و ژێرخانی مەدەنی دەکاتە ئامانج، پێویستە دەست لەم کارانە هەڵبگرێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوانینی جێگری بەڕێوەبەری (HRW) لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، ئادەم کوگڵ، بڵاوکراوەتەوە و دەڵێت: "تورکیا لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ژێرخانی ژیانی دەکاتە ئامانج، لەوانە وێستگەی کارەبا و ئاو. بەم هێرشە سەربازییانە، قەیرانی هەرێمەکە یەکجار گران دەکات. لە چوار ساڵی دواییندا، لە حەسەکە و دەوروبەری قەیرانێکی جدی ئاو هەیە. ئێستە بەهۆی بۆردوومانەوە، هاوڵاتیان بە زەحمەتێکی زۆر ئاویان دەستدەکەوێت".