کەمپەینی کۆکردنەوەی واژۆ دژی هێرشەکان زیاتر دەبێت

پشتگیرییەکان بۆ کەمپەینی کۆکردنەوەی واژۆ کە لە گۆڕەپانی نێونەتەوەیی دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستی پێ کرد، تادێت زیاتر دەبێت.

لە ٧ ی تشرینی یەکەم بە ناونیشانی "بانگەوازی بەپەلە: شەڕی دژی مرۆڤایەتی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بوەستێنن"، کەمپینی کۆکردنەوەی واژۆ دەستی پێ کرد.

لە میانی ئەو کەمپینەدا کە بە زمانەکانی ئینگلیزی و ئیسپانی و پورتوگالی نووسرابوو، بەشێوەیەکی بەکۆمەڵ ٣٥ ڕێکخراو و تەڤگەر و دامەزراوەی مافی مرۆڤ لە وڵاتانی وەک ئیسپانیا، بەرازیل، مەکسیک، چیلی، کۆڵۆمبیا، هیندستان، چین، ئەمریکا، ئەڵمانیا، ئینگلتەرا و عێراق بەشدارییان کرد.

زیاتر لە ١٨٣ کەس واژۆیان لەسەر کەمپەینە جیهانییەکە کردووە. لەگەڵ بەردەوامبوونی کەمپینەکە، پشتگیرییەکان زیاتر دەبن.

واژۆکەران ئاماژەیان بەوە کرد، بەپێی ڕاگەیاندراوی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری تا ئێستا بەهۆی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی هەرێمەکە، زیانە مادییەکان گەیشتۆتە نزیکەی ٥٦ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.

لە دەقی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:

" ئێمە لەبەردەم جۆرێکی نوێی شەڕی داگیرکاری تورکیاداین کە ئامانجی داگیرکاری و "پاکسازی ئیتنیکی" و ڕوخاندنی زۆرێک لە ناوچەکانی باکوری سوریایە. دوایین هێرشەکان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئامانجی لەناوبردنی "هەموو ژێرخان و باڵەخانە و دامەزراوەکانی وزەیە، بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بنکەی ژیان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و چۆڵکردنی هەرێمەکە. لەم هێرشانەدا ژیان و سەلامەتی زیاتر لە شەش ملیۆن کەس بە چاند و بیروباوەڕی جیاواز وەک کورد، عەرەب، سریانی، چەرکەز، تورکمان، ئێزدی، مەسیحی، موسڵمان و ئەوانی دیکە کە پێکەوە لەسەر خاکی هاوبەش دەژین و پێداویستییەکانیانیان و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییان دەکرێتە ئامانج".

واژۆکەران بانگەواز لە جڤاکی نێونەتەوەیی و هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەکەن، بۆ ڕێگرتن لە تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی و ڕاوەستاندنی شەڕ و سیاسەتی داگیرکاری تورک، هەڵوێستی بەپەلەیان هەبێت.