کۆمیتەی تەندروستی مەنبەج بۆ عەبدوڵا ئۆجالان بانگەوازی کرد

کۆمیتەی تەندروستی مەنبەج بە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی بانگەوازی لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و بەتایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و کۆمیتەی خاچی سوری نێونەتەوەیی کرد، پشتگیری لە دۆزی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بکەن.

کۆمیتەی تەندروستی مەنبەج و گوندەوارەکانی لەبەردەم نەخۆشخانەی فورات، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیان بەست، ئەندامی کۆمیتەکە، قوسەی محەمەد، بە ئامادەبوونی پزیشک و پەرستار و کارمەندان ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە.

ئاماژە بەوە کرا، دەستبەسەرکردن و گۆشەگیرکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، پەڵەیەکی ڕەشە لە ڕووی مرۆڤایەتی و پێشێلکاری هەموو پەیماننامە نێونەتەوەییەکانە، گوتیان: "ئەم تاوانە دژە مرۆڤایەتییە، پێویستی بە دەستوەردانی بەپەلەی جڤاکی نێونەتەوەییە. چونکە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، خاوەنی فیکری نەتەوەی دیموکراتیکە کە ڕێگەی ڕزگاری گەلانی بندەستی جیهانە".

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا، بانگەواز کرا دەمودەست ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەبێ مەرج ئازادبکرێت. داوا لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و کۆمیتەی خاچی سوری نێونەتەوەیی کرا پشتگیری لە دۆزی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بکەن و گوتیان: "ئازادی وی، ئازادی گەلانی هەرێمەکەیە".