لە ٢٤ کاتژمێردا زیاتر لە ٤٠ ناوچە بۆردومان کران؛٢٤ کەس شەھید و بریندار بوون

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا، زیاتر لە ٤٠ ناوچە، بەتایبەتی شوێنی مەدەنی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆردومان کردووە. بەھۆی ئەو ھێرشانەش ٦ هاوڵاتی و ٦ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ شەهید و ١٢ کەسیش بریندار بوون.

لە ڕۆژی ٥ی تشرینی یەکەمەوە دەوڵەتی تورک هێرشەکانی بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چڕتر کردووە. شار، شارۆچکە و گوندەکان بوونە ئامانجی ئەو هێرشانە. لە هێرشەکاندا ٣ وێستگەی کارەبا، ٤ دامەزراوە و وێستگەی نەوت، پرۆژەیەکی ئاو و وێستگەیەکی بەنزین بۆردومان کراون.

ھاوکات بە ھۆی ئەو هێرشانە ٦ هاوڵاتی مەدەنی و ٦ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ شەهید بوون. ١٢ کەس بریندار بوون، کە ٢ کەسیان ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆن.

ھەروەھا لەو هێرشانەدا کانتۆنەکانی حەسەکە، قامیشلۆ، کۆبانێ، ناوچەی عەفرین– شەھبا و منبج کراونە ئامانج. بە گشتی زیاتر لە ٤٠ ناوچە بۆردومان کراون.

هاوشێوەی پرۆژەی ئاوی حمە لە حەسەکە، هەندێک ژێرخانی مەدەنی چەندین جار بۆردومان کراون. لە گوندی مشیرف حمە لە هەمان ناوچە، لە کارگەیەکدا ٣ کرێکار بریندار بوون.

لە کانتۆنی قامیشلۆ، بەندا، وێستگەکانی کارەبا و نەوت بۆردومان کراون. لەسەر هێڵی عەفرین- شەهبا و ھەرێمی فورات زۆرێک لە گوندەکان بۆردومان کراون و زیانی گیانی لێکەوتەوە. ھەروەھا زیانی قورسی ماددیش بەر ئەو ناوچانە کەوتووە.

لەلایەکی دیکەوە لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر گوندی تل حەبەش کە دەکەوێتە ٣ کیلۆمەتری باشووری ناوچەی عامودای سەر بە کانتۆنی قامیشلۆ، ٦ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ شەهید بوون و ٢ ئەندامیشیان بریندار بوون.

ئەو هێرشانە دوای ئەوە ھاتنە ئاراوە، کە دەوڵەتی تورک بە ئاشکرا ڕایگەیاند، کە بە بەئامانجگرتنی شوێنە مەدەنیەکان تاوانی شەڕ ئەنجام دەدات.