لە چەندین شاری ڕۆژئاوا بێریتان یادکرایەوە

بێریتان (گوڵناز کاراتاش) لە ساڵیادی شەهیدبوونیدا، لە چەندین شاری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە چالاکی یادکرایەوە.

بێریتان (گوڵناز کاراتاش) لە ٢٥ ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٢ لە دژی خیانەتی پەدەکە شەڕی کرد و بۆ ئەوەی تەسلیمی خیانەت نەبێت، لە زنارێکەوە خۆی خستە خوارێ و شەهید بوو. کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری هەرێمی فورات بۆ یادکردنەوەی شەهید بێریتان لە ناوەندی چاند و هونەری باقی خەدۆ لە شاری کۆبانێ، مەراسیمی یادکردنەوەی ئەنجامدا. ئەندامانی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەرێمی فورات، نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان و دانیشتووانی شاری کۆبانێ بەشداری مەراسیمەکە بوون.

پاش ڕێزگرتن، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری هەرێمی فورات، ماجیدە حوسێن، گوتی: "شەهید بێریتان بە شەهیدبوونی ڕێگەی هەموو ژنانی ڕووناک کردەوە".

ماجیدە بەڵێنی دووپاتکردەوە، تێکۆشانیان بەرامبەر داگیرکاری و خیانەت مەزنتر دەکەن.

مەنبەج

مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی شاری مەنبەج، لە هۆڵی مەجلیسی یاسادانان، بە مەراسیمێک شەهید بێریتانی یادکردەوە. ئەندامانی ئیدارەی مەدەنی دیموکراتیک، کۆمیتە و دامەزراوە گرێدراوەکانیان، مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان، مەجلیسی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا، پارتە سیاسییەکان، نوسینگەی وافیدی شەهبا و عەفرین، مەجلیسە مەدەنییەکان، ڕیش‌سپی عەشیرەتەکان، مەجلیسی سەربازی مەنبەج، مەجلیسی سەربازیی ژنان، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشداری مەراسیمەکە بوون.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن، ڕاوێژکاری ئیدارەی مەدەنی دیموکراتیک، مزگین جۆتکار، گوتی: "شەهید بێریتان زەمینەی بۆ بەرخۆدانی ژنان ڕەخساند، ڕێگەی بۆ گەل کردەوە تا لە ئازادی ژنان تێبگەن".

دووپاتی کردەوە، شەهید بێریتان سیمبولی ئازادی و قارەمانێتی و ئازایەتییە و بۆتە ناسنامەی هێزەکانی گەریلا.

پاشان سینڤزیۆنێک لەسەر ژیانی شەهید بێریتان پیشاندرا.

مەراسیمەکە بە درووشمی "بەرخۆدان ژیانە" و "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.

شەهبا

مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان، کۆنگرەی ستاری کانتۆنی عەفرین و شەهبا، کۆچبەرانی عەفرین و دانیشتووانی کانتۆنی شەهبا، لە هۆڵی میتان لە ناوچەی ئەحداس، لە ٣١ هەمین ساڵیادی شەهیدبوونیدا، مەراسیمێکیان بۆ یادکردنەوەی شەهید بێریتان ڕێکخست.

ئەندامی کۆنگرەی ستار، بەرژین عەفرین، گوتی: "فەرماندە بێریتان بە شەهیدبوونی وای کرد ملیۆنان ژنی کورد بچنە ڕیزەکانی ئازادییەوە".

پاشان سینڤزیۆنێک لەسەر ژیانی شەهید بێریتان تەماشاکرا و گرووپی شەهید هێڤا سترانیان گوت.

مەراسیمەکە بە درووشمی "شەهید نامرن" کۆتایی هات.

ڕەقە

مەجلیسی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا لە ناوەندی خۆی لە شاری ڕەقە، سیمینارێکی ڕێکخست. ئەندامانی دامەزراوە مەدەنییەکان، ڕێکخراوەکانی ژنان و پارتە سیاسییەکانی شارەکە بەشداری سیمینارەکە بوون.

سیمینارەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن و داگیرساندنی مۆم بۆ یادی شەهید بێریتان دەستی پێ کرد.

لە سیمینارەکەدا، ئەندامی بەڕێوەبەری مەجلیسی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا، بوسەینە عەبدۆ، گوتی: "شەهیدبوونی بێریتان پەیامێک بوو بۆ پتەوکردنی هێزی ژنان. شەهید بێریتان لە کەسێتی خۆیدا ڕاستی مێژووی ژنانی کوردستان دەنوێنێتەوە بەرامبەر ئەو زیهنیەتەی نکۆڵی لە هەبوون و ئیرادەی ژنان دەکات. پێویستە تێکۆشانمان درێژە پێ بدەین دژی زیهنیەتی نکۆڵی و پلانەکانی خیانەت".

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، سینڤزیۆنێک دەربارەی ژیانی شەهید بێریتان پیشاندرا.