لە عەفرین ٣ کەس ڕفێندران

هێزەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ناوچەی مابەتا، شیێ و شەرای سەر بە عەفرین ٣ کەسیان ڕفاند، کە چارەنووسی ھەر سێکیان نادیارە.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لە تاوانەکانی جینۆسایدی نەتەوەیی دژی بە خەڵکی کانتۆنی عەفرینی داگیرکراو، بە ئامانجی ترساندن و دەرکردنیان لە کانتۆنەکە و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە، بەردەوامن.

سەرچاوەیەک لە کانتۆنی عەفرینی داگیرکراوەوە ڕایگەیاند، چەتەکانی بە ناو 'پۆلیسی مەدەنی'، ژن و پیاوێکیان لە گوندی شێخوتکا-ی سەر بە ناوچەی مابەتا ڕفاندووە و بەرەو شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە. ئەو دوو کەسە ناویان 'ئەحمەد سەیدۆ' و 'نەزیرە حەمید محەمەد'ە.

ھاوکات سەرچاوەیەکی دیکە ڕایگەیاند، چەتەکانی بەناو 'پۆلیسی مەدەنی' هاوڵاتییەکیان بە ناوی حسێن دلۆ (تەمەن ٢٩  ساڵ) لە گوندی ھێکێچە-ی سەر بە شیێ لە کانتۆنی عەفرین ڕفاندوە.

ھەر لەبارەی ئەو تاوانانەی لە عەفرین ئەنجام دەدرێن، سەرچاوەیەک ڕایگەیاند، چەتەکانی 'حەمزە' سەدان داریان لە دەوروبەری گوندی کەفر مزێ-ی سەر بە ناوچەی شەرا بڕیوەتەوە.

هەمان سەڕچاوه ئەوەشی خستەڕوو، چەتەکانی 'سوڵتان موراد'، داوای ٢ هەزار دۆلاریان لە بنەماڵەی هۆرۆ حەسەن حسۆ خەڵکی گوندی دێرسەوانی سەر به ناوچەی شەرا کردووە، کە ماڵەکەیان له چەتەکان وەرگرتەوە.

ھەروەھا سەرچاوەیەکی دیکە ئاشکرای کرد، چەتەکانی 'ئەحرار شرقییە'، نووسینگەی کڕین و فروشتنی خانووبەرەیان لە عەفرین کردووە و خانووی کۆچبەران بە دوو هەزار بۆ ٤ هەزار دۆلار دەفرۆشن، هەروەها دوکان بە ھەزار دۆلار لە ساڵێکدا بە کرێ دەدەن.

ژ.ن