لە حەلەب بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد چالاکی دانانی خێوەت بەڕێوەدەچێت

بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە حەلەب چالاکی دانانی خێوەت بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ بەڕێوەدەچێت.

هەڵمەتی جیهانی بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٧٤ شاری سەرانسەری جیهان لە ١٠ ی تشرینی یەکەم بە درووشمی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی و جیهان دەستی پێ کرد. هەڵمەتەکە بەرفراوان بوو، تا ئێستە ژمارەی شارەکان گەیشتۆتە ١٠٠ شار. هەروەها چەندین ڕێکخراوی مەدەنی لە هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پشتیگیریان لە هەڵمەتەکە کرد.

دەسپێشخەریی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان لە سوریا و پارێزەرانی سوریا بۆ بەرگری لە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، لە گۆڕەپانی چوارڕیانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە گەڕەکی شێخ مەقسودی حەلەب بە درووشمی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" چالاکی دانانی خێوەتی ئەنجامدا.

دانیشتووانی گەڕەکەکە، ئەندام و نوێنەری پارت و ڕێکخراوە مەدەنیەکان بەشداری چالاکییەکەیان کرد.

بەقسەی سەرپەرشتیاران، چالاکییەکە ٣ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، پەیامی بەشداران بڵاودەکرێتەوە. سیمیناری یاسایی پەیوەست بە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەلایەن دەسپێشخەریی پارێزەرانی سوریا بۆ بەرگری لە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەبەسترێت. هەروەها بەڵگەفیلم دەربارەی ژیان و تێکۆشانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پیشان دەدرێت.