لە حەسەکە تەرمی ٦ شەهید بەخاک سپێردرا
لە حەسەکە تەرمی ٦ شەهیدی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر، بەخاک سپێردران.
لە حەسەکە تەرمی ٦ شەهیدی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر، بەخاک سپێردران.
ئەمڕۆ دانیشتوانی کانتۆنی حەسەکە بەشداربوون لە بەخاکسپاردنی تەرمی ٥ شەهیدی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر، ساڵەح یوسف، لۆرانس عەبدی، مەناف سەمیر، عەبدوڵا ئەلعلێوی و عەزیز عەبدۆ کە ٩ ی تشرینی یەکەم لە هەرێمی دێرک بەهۆی بۆردومانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەهیدبوون، هەروەها تەرمی هاوڵاتیەکی مەدەنی ئەسکەندەر حەسۆ کە ٤ ی تشرینی یەکەم لە هێرشی دەوڵەتی تورک لە حەسەکە شەهیدبوو.
جەماوەر تەرمی شەهیدەکانیان هەڵگرت و بەرەو گۆڕستانی شەهید دژوار لە گوندی داودیەی سەر بە حەسەکە بەڕێکەوتن. هاوڵاتیانی پێکهاتەکانی کورد و عەرەب و سریانی بەشداری مەراسیمەکە بوون.
پاش ڕێزگرتن لە شەهیدان، بەناوی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی شاری حەسەکە، فاتمە ئەلعەلی، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان کرد، گوتی: "سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی ناتوانن ڕووبەڕووی شەڕی هێزەکانمان بکەن، بۆیە بە فڕۆکە هێرش دەکەن".
ئەندامی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە)، فیدان حەسۆ، ئاماژەی بەوە کرد، شەهیدان بۆ پاراستنی دەسکەوتە مەزنەکانی شۆڕش، هەموو شتێکی خۆیان فیدا کرد.
وتەبێژی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، عەلی ئەلحەسەن، ئاماژەی بەوە کرد، شەهیدەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر پەروەردەیان دەبینی، دووپاتی کردەوە، بەئامانجگرتنی ئەم ئەکادیمایە، بۆ تێکدانی ئەخلاقی هەرێمەکە و بڵاوکردنەوەی پشێوییە.
پاشان ناسنامەی شەهیدەکان خوێنرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرا.
تەرمی شەهید ساڵەح یوسف، لۆرانس عەبدی، مەناف سەمیر و ئەسکەندەر حەسۆ، لە گۆرستانی شەهید دژوار بەخاک سپێردرا. تەرمی شەهید عەبدوڵا ئەلعلێوی گوازرایەوە بۆ گۆڕستانی شەهیدانی شەدادی، تەرمی شەهید عەزیز عەبدۆ گوازرایەوە بۆ گۆڕستانی شەهیدانی تەل حەمیس و لەوێ بەخاک دەسپێردرێن.