لە کۆبانێ دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ڕێپێوان کرا

لە کۆبانێ دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێپێوانێکی جەماوەری ئەنجامدرا.

گەنجانی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی هەرێمی فورات ڕێپێوانێکیان لە دەروازەی ناوچەی سیرینەوە بۆ ناوەندی ناوچەکە ڕێکخست. ڕێپێوانەکە بە دروشمی "بە ڕۆحی ئازادی و فیداکاری سەردەکەوین و دیوارەکانی ئیمراڵی هەڵدوەشێنین" بەڕێوەچوو. بەشداربووان وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و دروشمی "بڕوخێ پیلانگێڕ" و "بمرێ خیانەت" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ"یان بەرزکردەوە.

لەبەردەم شارەوانی گەلی ناوچەکە، ڕێپێوانەکە گۆڕا بۆ گردبوونەوە. لەوێ بە ناوی خەڵکی سیرین، ئەندامی مەجلیسی گەنجانی بنەماڵەی شەهیدان، ئەمەل بەهادین، ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کرا، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەو پیلانگێڕییە نێونەتەوەییە ئامانجەکانی خۆی نەگەیشتووە، بۆیە هێرشە دڕندانەکانی بۆ سەر تەواوی خەڵکی کوردستان زیاتر دەکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە بەرخۆدانی خۆی پیلانگێڕی و هێزە تاریکەکانی تێکشکاند، سیستەمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەی ئیفلیج کرد.

خەڵکی سیرین لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەو هێزانەی بەشدارییان لە پیلانگێڕیەکەدا کردووە، هەموو جۆرە هێرش و جۆرە شەڕێکی تایبەت ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی گەل نەگاتە ئازادیی خۆی و هەوڵی دروستکردنی ناکۆکی و فیتنە لە نێو پێکهاتەکاندا دەدەن.

دانیشتووان لە کۆتایی گوتیان بۆ شکاندنی گۆشەگیری و ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، تێکۆشان مەزنتر دەکەن.