دوا میرنشینەکانی کورد لە سەدەی نۆزدەهەم بە دەستی عوسمانییەکان وێرانکران، دوا بە دوای جەنگی یەکەمی جیهانیی، لە رێککەوتنی لۆزان، کورد هیچی پێ نەبڕا، لەو دەمەوە، واتە یەک سەدەیە کوردان هەوڵ دەدەن ئەو برینە سارێژ بکەن ؛ ئەوانیش وەک میللەتانی دنیا ببن بە خاوەن قەوارەیەک و شوێنیان لەسەر جوگرافیایەک دیاریی بکرێت و بەشدارییەکی مێژوویی لە جیهاندا بکەن. جوگرافییەک کە هەزاران ساڵە لەسەری دەژین.
لەم هەلومەرجە نوێیەدا، کە رۆژهەڵاتی ناوەند تووشی هەژانێکی بنەمایی بووە، ئەو هاوکێشەیەی کە رۆژهەڵاتی ناوەندی لەسەر راگیرا بوو، هەڵوەشایەوە، بکەری نوێ لە سەر ئەو پانتاییە خەریکی دروستبوونن.
یەکێک لەو بکەرانە، کوردانی رۆژئاڤان، واتە بەشێکی ئۆرگانێکی بەشەکانی دیکەن، کە هەلومەرجێکی زۆر کتوپڕ، لە فەرامۆشی تەواوە بۆ سەرهەڵدانی تەواو، وەک قەقنەس لە ناو خۆڵەمیشی خۆیانەوە، باڵە ئاگرینەکەیان لەیەک دا و دەیانەوێ بەشدارییەکی کردەییان لە مێژووی ناوچەکە هەبێت.
یەکێک لە رێگرە هەر بەدنمەکەکان، دیسانەوە تورکن، وەک دەوڵەت، وەک هێزی سەربازیی و موخابەراتی، وەک شەڕی راگەیاندن، وەک چنینی تۆڕێک بە مانا هەرە راستەقینەکەی تاکو کوردانی رۆژئاڤای پێ راو بکەن و نەهێڵن ئەو قەقنەسە باڵ بگرێت.
تورک دەزانن رانەگرتنی ئەم هەلە وا دەکات کە دوو هەرێمی کوردان لە تەوقی داگیرکاریی رزگاریان بێت، سەرباری ئەو تەوق و کۆتانەی کە لە ماوەی ئەم سی ساڵەی دوایی ناواخنی باشووریان پێ گرێ داوە، بەڵام، سەرهەڵدان و لە دایکبوونی هەرێمی دیکە، مەبەست لە رۆژئاڤایە، دەبێتە سەرەتایەک بۆ جولاندنی کوردانی بەشەکانی دیکە. سەدەی بیست و یەک دەبێ بە سەدەی کوردان، هەر وەک پێش بیست و چوار ساڵ لەمەوە بەر لە چاوپێکەوتنێکی گۆڤاری رەهەند ئاماژەم بۆ کرد.
سەرکەوتنی رۆژئاڤا واتە گەورەبوون و هەراشبوونی باشوور، بە پێچەوانەشەوە هەر راستە، هەموو شکستێکی رۆژئاڤا، بە شکستی باشووریش کۆتایی دێت.
لە لۆزانەوە بۆ کۆبانی، مێژوویەکی تاڵە کە پێی دەگوترێت سەفەر بە ناو دۆزەخدا.
لە لۆزانەوە بۆ کۆبانی، واتە، سەفەرکردن بەرەو دنیا.
واتە لەدایکبوونی میللەتێک.
بۆیە، هەرچی وزە هەیە لەم سەفەرەدا خەرج کرێت هێشتا کەمە، چونکە، ئەمە پەیوەندیی بە ئایندەی هەموومانەوە هەیە.