لە قامشلۆ شەڕ بەردەوامە

هێزەکانی دیفاع وەتەنی سەر بە ڕژێمی ئەسەد هێرشی کردە سەر خاڵێکی کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، ئەوانیش وەڵامیان دانەوە و خاڵێکی هێرشکارانیان کۆنترۆڵ کرد، لەو شەڕ و ڕوبەڕوبوونەوانەدا، ئەندامێکی ئاسایشی ناوخۆ شەهیدبوو.

کاتژمێر ١٢ی شەوی ڕابردوو هێرشیان کردوەتە سەر خاڵیکی کۆنترۆڵی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە شەقامی وەحدە لە شاری قامشلۆ.

لەبەرامبەر ئەو هێرشەدا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ وەڵامیان دایەوە و شەڕ لە دەورەبەری گەڕەکی ‘تەی’ هاتە ئاراوە، هێزەکانی ئاسایش خاڵی کۆنترۆڵی هێزەکانی دیفاع وەتەنییان لە گەڕەکەکە کۆنترۆڵ کرد.

لە شاری حەسەکە-ش، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێک، کە ئەگەری ئەنجامدانی هەبێت لەلایەن هێزەکانی دیفاع وەتەنی، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئامادەکارییان کردوە.

ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ شەهیدبوو

 هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا، دەربارەی ئەو هێرشانە، دەڵێت”میلشیاکانی دیفاع وەتەنی کردارەکانیان بە ئامانجی تێکبردنی ئاسایش و ئارامیی قامشلۆ بەردەوامیی پێدەدەن، لەو چوارچێوەیەدا ئەندامێکی چەتە میلشیاکانی دیفاع وەتەنی، ئێوارەی ٢٠ی نیسان دەستڕێژی گولـلەی لە خاڵیکی هێزەکانمان کرد، لە چوار ڕیانی ئەلوەحدە، لە شاری قامشلۆ، لە ئەنجامدا ئەندامێکمان بە سەختیی برینداربوو، دواتر شەهید بوو”.

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتوە: ئێمە وەکو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بۆ پاراستنی خۆمان و لەناوبردنی هەموو ئەو هەوڵانەی کە میلیشیاکان لەڕێگای بەئامانجگرتنی خاڵی ئێمەوە، دەیانەوێت ئاژاوە بنێنەوە دۆخێکی نائارام دروست بکەن، بێ دوودڵی وەڵامی توند دەدەینەوە.

هێرشی چەکدارانی دیفاع وەتەنی بەردەوامە و بەگوێرەی ئاژانسی هاوار، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەناو گەڕەکی تەی، کە لەژێر کۆنترۆڵی دیفاع وەتەنی دایە، پێشڕەویی دەکەن