لە شاری رەقا ڕێپێوانێک دژی داگیرکەری بەڕێوەچوو

سەدان کەس لە شاری رەقا دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک ڕێپێوانیان کرد و رایانگەیاند کە لەگەڵ هێزەکانی (هەسەدە) دەبن و ئەو دەستکەوتانە دەپارێزن کە بە قوربانیدانی شەهیدان بەدەست هاتوون.

ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان، شێخ و پیاوماقوڵانی عەشیرەتەکان، کۆمەڵەی ژنانی زێنۆبیا و سەدان دانیشتووانی رەقا، ئەنجومەن و کۆمۆنەکان بەشداری ڕێپێوانەکەیان کرد. بەشداربووان ئاڵای هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدان و لافیتەیان بەرز کردەوە کە نووسرابوو "ئەمە خاکی ئێمەیە و ناوچەکانمان بە قوربانیدانی گەنجەکانمان ئارامن".

ڕێپێوانەکە لە بەردەم ئەنجومەنی گشتی شاری رەقا دەستی پێکرد و بەرەو بنکەی ئاگرکوژێنەوە بەردەوام بوو. لەوێ، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کاروباری کۆمەڵایەتی و کاروباری بەڕێوەبەری خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، فاروق ئەلماشی قسەی کرد و ڕایگەیاند کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە دوژمن پلانی لەناوبردنی ئەم وڵاتەی هەیە.

ئەلماشی ڕایگەیاند کە دانیشتوانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەموو پێکهاتەکان ناوچەییەکان لە دژی هەموو دوژمنان دەپارێزن و پاڵپشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەن.

ئەندامی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدانی رەقا، نادیە ئەلئەحمەد، ڕایگەیاند: هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ئیرادەی خەڵکی ناوچەکە ناشکێنن و بەڕێوەبەری خۆسەر بێ ئەوەی ناسنامەی گەلان پشتگوێ بخات، نوێنەرایەتی هەموو گەلانی سوریای کرد.

نادیە ئەلئەحمەد داوای لە هەموو پێکهاتەکان کرد کە ئاگاداری سیاسەتی رەتکردنەوە دەوڵەتی تورکیا بن و بەڵێنیشی دا کە خاوەنداری لەو شەهیدانە بکەن کە لە سایەی قوربانیدانەکانیاندا دەستکەوتیان بەدەست هێناوە.

ف.ق