لە ڕوانگەی ڕۆژنامەنووسانەوە، هێرش و بەرخۆدان لە سەر شەهبا

لە کاتێکدا کە هێرشی چەتەکانی سوپای نەتەوەیی لە ناوچەکانی شەهبا و تل ڕفعەت بەردەوام بوو، ڕۆژنامەنووسان شایەتحاڵی شەڕ و بەرخۆدان بوون. ڕۆژنامەنووس ڕووکەن عەفرین بەرخۆدانی ئەو ناوچانە و ڕووداوەکانی تۆمار کردووە و لە نزیکەوە شایەتحاڵی شەڕ و بەرخۆدانی گەل بووە

دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) لە حەڵەبەوە بە پاڵپشتی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەستی پێکرد و شەهبا، تل ڕفعەت، حما، حومس و لازکی داگیرکرد، دواتر هێرشی کردە سەر دیمەشق و ڕژێمی ئەسەد کۆتایهات.

چەتەکانی سوپای نەتەوەیی و هەتەشە ستراتیژی 'بەبێ شەڕکردن، بردنەوەی شەڕ' پەیڕەو دەکەن. لە بەرامبەر ئەمانەدا نە ڕژێمی سوریا و نە ئێران بەبێ ئەوەی هیچ بەرخۆدانێک نیشان بدەن، ناوچەکەیان بەجێهێشت. بەتایبەتی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە شایەتحاڵی شەڕ و بەرخۆدان بوون لە ناوچەی شەهبا – تل رەفعەت، ڕۆڵیان لە شەڕەکەدا ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە. ڕۆژنامەنووس ڕوکەن عەفرین کە وەک پەیامنێری شەڕ لە بەرەکانی شەڕدا کاری کردووە، هەم شاهیدی شەڕ بووە و هەم بەرخۆدان.

'هێرشەکان بەردەوام بوون'

ڕووکەن عەفرین هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی بۆ سەر عەفرین بەبیرهێنایەوە و سەرنجی خستە سەر هێرشەکانی ئەم دواییە و ڕایگەیاند' "گەلی عەفرین بر هۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە 2018 ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژیی بوونەوە، دوای ئەو بەرخۆدانەی کە ماوەی 58 ڕۆژ بەردەوام بوو، ناچار بوون بچێتە شەهبا، بەڵام هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەوێیش لەسەریان بەردەوام بوو؛

بەشێکی زۆر لە ژنان، بەساڵاچووان و منداڵان گیانیان لەدەستدا. ب هۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە و گەمارۆی هێزەکانی ڕژیم گەلی شەهبا لە دۆخێکی جددی دا دەژیان ناوچەی تل ڕفعەت شوێنێکی ستراتیژییە. دەوڵەتی تورک بە کۆچدانی گەلی شەهبا بەنیازی داگیرکردنی ئەم ناوچەیە بوو. پلانی داگیرکاری و هێرشەکان قەد نەوەستا. تل ڕفعەت بەهۆی گرنگی ژئۆستراتیژییەوە شوێنێکی زۆر گونجاوە، لەوێ گەل دەیانتوانی شوێنێک بۆ بژێوی ژیانیان دابین بکەن. هەروەها تل ڕفعەت بنکەیەکی ئاسمانی سەربازی هەیە و ڕێگای M5 لەوێیەووە تێدەپەڕی. بە هۆی ئەم جۆرە تایبەتمەندیانەوە بەردەوام تل ڕفعەت کراوەتە ئامانج.

'ڕژێم شەڕی نەکرد، چوار لای شەهبەی خستە گەمارۆەوە'

ئەو هێرشانەی کە هەتەشە لە ٢٧ی تشرینی دووەم دەستی پێکرد، تێدا هیچ ململانێیەک ڕووی نەدا و راستەوخۆ هەموو شتێک بەدەستەوە درا. ئەم دۆخە ڕێگەی هەموار کرد شەهبا لە چوار لاوە گەمارۆ بدرێت. پاشان هێرشی قورس بۆ سەر ٦ گوندی ناوچەی شێراوا دەستی پێکرد. ئەم گوندە زۆرجار لەلایەن چەتەکانەوە دەبووە ئامانج. لە دوایین هێرشەکانیشدا هێزەکانی ڕزگاری عەفرین بەرخۆدانێکی گەورەیان نیشان دا. بۆیە کاتێک گوندێک داگیرکرا، دەرفەتێک بۆ گەیشتن بە گوندەکانی دیکە دروست دەبێت. بەو پێیەی ئەم گوندە لە لایەک لەلایەن هەتەشەوە و لە لایەکی ترەوە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە گەمارۆدرابوو و بەردەوام لە ژێر هێرشدا بوو و دەیانویست گەمارۆی بدەن.

'هێرشەکان لە سێ هێڵی جیاوازەوە دەستی پێکرد'

لە هەمان کاتدا ئەو هێرشانەی کە چەتەکانی دەوڵەتی تورک لە هەرێمەکەوە ئەنجامیان دا، بە شێوەیەکی دژوار لە گوندەکانی شێخ عیسا، هربل و عەین دەقنێ دەستی پێکرد. هەروەها هێرش کرایە سەر گوندەکانی ئەحداس و شێخ نەجار. بەم شێوەیە لە سێ هێڵەوە هێرشی دڕندانەیان ئەنجامدا. ئەمە بووە هۆی ئەوەی گرژییه کانی ناوچەکە زیاتر بێت و ببنە هەڕەشەیەکی گەورەتر و گەلی عەفرینی لە شەهبا دەخستە مەترسیەوە.

ئەم گەلە کە هێڵی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیی بۆ خۆی بە بنەما دەگرت، نەتەنیا بەو هێرشانە دەستیان بە بەرخۆدان کرد، بەڵکوو لە دوای داگیرکردنی عەفرینەوەش، بەردەوام لە بەرخۆداندایە. هاوکات پڕوپاگەندە و ڕەشکردنەکانی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ چڕی هێرشەکاندا دەستی پێکرد. ئەو هەواڵانەی کە گەلی تل ڕفعەت، لە ترس و مەترسیدا پاشەکشەیان کرد، ڕاست نەبوو. سات بە سات بەدواداچوونم بۆ ڕووداوەکان کرد و بینیم تا بڕیاری کشانەوە نەدرا، گەل بەردەوام بوون لە بەرخۆدان و منیش شاهیدی ئیرادە، بوێری و بەرخۆدانی ئەوان بووم.

'کشانەوە بۆ ئەمنیەتی گەل بوو'

ئەو کەشوهەوای ترس و مەترسیەی باسیان لێدەکرد قەد بوونی نەبوو. بەڵام هێرشەکان لە سێ لاوە لە ئارادا بوو و هەروەها بەهۆی جوڵەی فڕۆکەی سیخوڕیەوە ژیانی گەل لە مەترسییەکی گەورەدا بوو. ئەنجوومەنی کانتۆنی عەفرین-شەهبا دۆخەکەیان هەڵسەنگاند و بڕیاری کشانەوەیان دا. مەبەست لە کشانەوەکە پاراستنی سەلامەتی گەل بوو. ئەم پرۆسەیە سەختی و زەحمەتی خۆی بوو، بەڵام گرنگترین شت سەلامەتی گەل بوو. ئەگەر ئەو گەلەی لە شەهبادا دەژیا، ئەم ناوچەیەیان بەجێنەهێشتبا، ڕووبەڕووی کردەوەیەکی بەربەری و نامرۆڤانەی چەتەکان دەبوونەوە.

لە پێش چاوی هەمووانەوە دیارە ئەو کەسانەی لە عەفرین مانەوە چۆن لەلایەن چەتەکانەوە ئازار، کۆمەڵکوژی و ئەشکەنجە دەدرێن. بڕیاری کشانەوە لە ١ی کانوونی یەکەمدا درا. لەو ڕۆژەدا شەڕڤانان لە کاتژمێر ٨ی بەیانی تا ١ی پاشنیوەڕۆ بەرخۆدانێکی گەورەیان ئەنجامدا. دوای ئەوە بڕیاری کشانەوە درا، ئەو کاتانە پڕ لە ئازار و زەحمەتی بوون؛ ئەو دیمەنە بۆ جاری دووەم کارەساتێکی دیکەی گەلی عەفرین نیشان دەدا. کاروان و ئۆتۆمبێلەکان یەک لە دوای یەک ڕیز بوون. شەهبا گەمارۆدرابوو، چەتەکان لە نێو کاروانەکان و گەلد بوون."

'بە زۆری چەتەکان ڕەوانەی عەفرین کران'

ڕووکەن عەفرین لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "لە کاتی پڕۆسەی کشانەوەدا چەتەکان دڕندەیی گەورەیان بەرامبەر بە گەل ئەنجامدا، چەتەکان پەنایان بردە بەر شێوازی نامرۆڤانە دژی ئەو گەلەی کە دەیانویست لە تل قراخەوە خۆیان بگەیەننە گرووپەکانەوە. کەسانێکیان کۆمەڵکوژ کرد و ڕێگەیان پێنەدرا گەل خۆی بگەیەنێتە گروپەکە. هەروەها لەلایەن ئەو چەتانەوە کەسانێکی زۆریان بە زۆر بەرەو عەفرین گەڕاندەوە. گەلی عەفرین ڕازی نەبوون چونکە ژیانێکیان لە ژێر دەسەڵاتی چەتەکاندا نەدەویست و بەکردەوە ئەم ڕاستییەیان نیشان دا. ئەگەر ئەنجومەنی کانتۆنی عەفرین-شەهبا بڕیاری کشانەوەی دا دەستبەجێ لەلایەن گەلەوە قبوڵکرا. عەبدولڕەحمان مورشید عەفرینییەکی وڵاتپارێز لە نێو گەلدا بوو. چەتەکان هەوڵیاندا بە زۆر لە نێو خەڵکەکە دەریبهێنن. عبدالرحمن مرشید بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەستی چەتەکان، بە چەکەکەی خۆی کوشت و شەهید بوو. دۆخێکی وەها بوو کە گەل زۆر ئازاریان چێشت.

'مرۆڤایەتی بە ئامانج گیرا'

دوای گروپی تل قراخێ، بە جۆرێک گەیشتینە گروپی فافین. بارودۆخی کەش و هەوا زۆر خراپ بوو و زۆر سارد بوو. لەم گروپەدا منداڵ و بەساڵاچووان زۆر بوون؛ هەروەها ژنی دووگیانیش هەبوون. نەخۆشخانەی شەهید ئەڤرین زۆر نزیک بوو، بەڵام لەژێر کۆنترۆڵی چەتەکاندا بوو. هەروەها ئەو کەسانەی کە بۆ دەرمان و کەرەستەی پزیشکی چوونە نەخۆشخانەکە، کرانە ئامانج. هەر بۆیە بردنی ژنێکی دووگیان بۆ نەخۆشخانەکە مەترسییەکی گەورە بوو، بۆیە ژنە دووگیانەکە منداڵەکەی ژیانی لەدەستدا. جگە لەوەش دوو کەسی بەساڵاچووی دیکە لەم گروپەدا گیانیان لەدەستدا.

دوای دوو ڕۆژ بە زەحمەتی و ماندوو بوون گرووپەکە گەیشتنە تەبقە و ڕەقە و ڕووبەڕووی ڕێبازێکی جیاواز بوونەوە. بەڵام کۆمەڵە کەسێک کە شەوانە بە ڕێگەوە بوون، ڕووبەڕووی کردەوەی نامرۆڤانە بوونەوە. ژنان بە تایبەت لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی کوڤەیرس سووکایەتییان پێکرا. هەروەها بە چاوی خۆم بینیم کە ٦ تەرمیان سووتاندبوو. ئەمەش ئازار و بەرخۆدانی گەلی دوبارە کردەوە."

'ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی و دەروونی بوونەوە'

ڕووکەن عەفرین باسی لە دۆخی گەلی شەهبا کرد کە بەهەمان شێوە لەژێر دەسەڵاتی چەتەکاندان و وتی: "دەبیستین گەلی عەفرین کە لە نێوان هێڵی تل ڕفعەت و شێراوادایە، چۆن ڕووبەڕووی ستەم دەبنەوە. ئەو کاتەی دەگەنە تل ڕفعەت بڕیار دەدەن پیاوانی تەمەن ١٨-٦٠ ساڵ لە تل ڕفعەت دەربکەن. ئەو ژنانەی قسەمان لەگەڵ کرد ڕاستەوخۆ دەیانگوت ژیانیان لە مەترسیدایە و بە تایبەتی چەتەکان پەنایان بۆ توندوتیژی جەستەیی و دەستدرێژی و دەروونی دەبرد. ئەم چەتانە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانیاندا هاوڵاتیان وەک کۆیلە بەکاردەهێنن و ئەوانەی ئەمە قبوڵ ناکەن دەکوژرێن. بەم شێوەیە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی هاوڵاتیان دەدەن.

'بە وەرگرتنی بڕە پارەیەک ئازاددیان دەکەن'

بەهۆی ئاستەنگەکانی چەتەکانەوە نزیکەی ٥٠ بنەماڵە لە شەهبا مانەوە. ئەم بنەماڵەیە هەر لە یەکەم ڕۆژەوە لەلایەن چەتەکانەوە دەستبەسەر و دەستگیرکران. ئەو هاووڵاتیانەی لە ژووری بچووکەدا ڕادەگیران، ئەشکەنجە دەدران و بۆ ئازادکردنیان داوای فیدیە یان(بڕە پارەیەکی زۆر)یان لێدەکردن. هەروەها هەوڵیاندەدا هاوڵاتیان بەو شێوەیە ناچار بکەن بیانبەن بۆ عەفرین. بەو هۆیەوە زۆر بنەماڵە لە یەکتر دابڕان و تا ئێستاش چارەنووسی زۆربەیان نادیارە. بەمەش هەموو ئازار و بەرخۆدانی گەلەکەمان نیشان دەدات.

'عەفرین ڕۆژێک جارێکی تر ئازاد دەبێتەوە'

ڕۆژنامەنووس ڕووکەن عەفرین ڕایگەیاند، گەل هیوای گەڕانەوەیان بۆ عەفرینەوە لەدەست نەداوە و وتی: "وەک ڕۆژنامەنووسێک و کەسێکی خەڵکی عەفرین، ئێمە بانگەوازێکمان لە هێزە جیهانیەکان ئەوەیە؛ سەرەڕای ئەو کارە نامرۆڤانەیە کە بەرامبەر گەلی عەفرین کرا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە و ناچار بووین کۆچ بکەین بۆ شەهبا بۆ ئەوەی خۆمان لە کۆمەڵکوژی ڕزگار بکەین، بەڵام زۆر جار لە کاتی کۆچکردندا ڕووبەڕووی هێرش و ستەمی گەورە بووینەتەوە و لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کۆمەڵکوژ کراوین، بۆیە پێویستە ڕای گشتی جیهانی لەسەر ئەم کردەوانەی دەوڵەتی تورک چیتر بێدەنگ نەمێنێ. ئێمە ‌هێشتا باوەڕمان بۆ گەلی عەفرین و هێزی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەپارێزین و قەد هیوای گەڕانەوەمان بۆ عەفرین لەدەست نەداوە و بەو هیوایە بەردەوام بە ژیان دەکەین، هەروەها لەسەر ئەو بنەمایە خاوەنداری لە داهاتوومان دەکەین و درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین."