لە ڕۆژئاوا شوێنی مەدەنی دەکرێتە ئامانج

لە سەرلەبەیانییەوە ژێرخانی مەدەنی ڕۆژئاوا لەژێر هێرشێکی چڕی دەوڵەتی تورکدایە. هێرشەکان لە ناوچەیەکی فراوانتردا بڵاودەبنەوە. قوربانی و برینداریش هەیە.

هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە پێی نایە قۆناغێکی ترەوە. دەوڵەتی داگیرکەری تورک ساڵانێکە بە شێوەیەکی سیستماتیکی خەڵکی مەدەنی و ژێرخانی مەدەنی بۆردومان دەکات، چەندین ناوچەی داگیرکردووە، ڕژێمێکی تیرۆری دامەزراندووە، ئەمجارەیان وەزیری دەرەوە، هاکان فیدان، بە هەموو جیهانی ڕاگەیاندووە کە "ژێرخانی مەدەنی" دەکەنە ئامانج و بەردەوام دەبن لە تاوانی شەڕ.

ئەم پێنجشەممە بە تایبەتی لە هەرێمی جزیر هێرشی توند ڕوودەدات. لە بەیانییەوە زیاتر لە هەرێم ناوچە بۆردومان کراون. ئەو شوێنانەی کە دەکرێنە ئامانج بریتین لە بەنداو، بەنزینخانە، وێستگەی ئاو، کەمپی کۆچبەران، گوند و ئۆتۆمبێلی مەدەنی.

لە حەسەکە ٤ مەدەنی بریندار بوون

بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆردومانێکی سەخت لە شاری حەسەکە ڕوویدا. فڕۆکە جەنگییەکان گوندی مشیرفە حمە لەسەر ڕێگای حەسەکە - تەل تەمر لە باکووری شاری حەسەکەیان بۆردومان کرد.

لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا ٤ گوندنشین برینداربوون، باری تەندروستی ٢ کەسیان سەختە. بریندارەکان بریتین لە: عەلی حەمۆ ناسۆ (٧٠ ساڵ)، بەشیر عیسا حەمید (٤٩ ساڵ)، عەبدولعەزیز ئەلمحەمەد و عەدنان بەهرۆ عەبدوڵا.

کەمپی واشوکانی کرایە ئامانج

دوای ماوەیەکی کەم لەم هێرشە، دەوروبەری کەمپی واشوکانی بۆمباران کرا.

کەمپی وەشوکانی لە لایەن ئیدارەی خۆبەڕێوبەری دروستکراوە بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی داگیرکردنی سەرێکانی ناچار بوون کۆچ بکەن. پێشتریش چەندین جار کەمپەکە کراوەتە ئامانج.

لە تەل تەمر فڕۆکەیەکی بێ‌فڕۆکەوان کەوتەخوار

گوندی تەویلی تەل تەمری کانتۆنی حەسەکە، لەلایەن فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکەوە بۆردومان کرا.

فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکە بە ناوی بەیرەکداری دەوڵەتی تورک لە نێوان گوندەکانی ڕوگوبە و ئەبو نەقا لە ناوچەی تەل تەمر کەوتە خوارەوە. زانیاری زیاتر بڵاونەبۆتەوە.

لە شەرا درۆنێک خرایەخوارەوە

لە نزیک گوندی شەوراغە درۆنێکی دەوڵەتی داگیرکەری تورک خرایەخوارەوە.

لە عامودا خەڵکی مەدەنی کرانە ئامانج

پێش نیوەڕۆ دەوڵەتی تورک گوندی تەل حەبەشی لە عامودا کردە ئامانج، زیانی گیانی و بریندار هەن.

وێستگەی ئاو کرایە ئامانج

نزیک کاتژمێر ١٢:٠٠ فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان گوندی ڕەکبەی تەل تەمری لەسەر ڕێگەی حەسەکە بۆردومان کرد. وێستگەی ئاوی ڕەکبە کرایە ئامانج و زیانی مادی هەبووە.

لە کۆبانێ گوندێک ٣ جار کرایە ئامانج

هاوکات لە باشوری کۆبانێ گوندی قەسفە سێ جار کرایە ئامانج، لە نزیک گوندی خەراب عەشکەی کۆبانێ ماتۆڕسکیلێک کرایە ئامانج.

چوار وێستگەی پیتڕۆڵ کرایە ئامانج

هەروەها فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورک وێستگەیەکی گوندی گردەهۆڵی سەر بە تربەسپییان بۆردومان کرد.

هەروەها وێستگەی ئەلقەوس لە باکوری چلاغا بۆردومان کرا.

وێستگەی پیترۆڵی زەربە لە تربەسپی بۆردومان کرا.

فڕۆکەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەنزینخانەی گەڕەکی مەیسەنون، گوندی سەگیرکە سەر بە شاری قامیشلۆیان بۆردومان کرد.

لە ئەنجامی هێرشدا ئاگر لە بەنزینخانەیەک کەوتەوە.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری: دەوڵەتی تورک تاوانی شەڕ ئەنجام دەدات

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیەندراوێکی لەسەر هێرشەکان بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە هێرشکردنە سەر شوێنە خزمەتگوزارییەکان هەڵوێستێکی دوژمنکارانەیە و دەکەوێتە خانەی تاوانی جەنگەوە.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری داوای لە هاوپەیمانی نێونەتەوەیی و ڕێکخراوە یاسایی و مرۆییە نێونەتەوەییەکان و ڕووسیا کرد کە لە دژی دەوڵەتی تورک هەڵوێست نیشان بدەن.