لەبەردەم بنکەکانی ڕوسیا لە قامیشلۆ و عامودێ داگیرکاری و هێرشەکانی تورکیا ئیدانەکرا

دەیان هاوڵاتی لە شارەکانی قامیشلۆ و عامودێ لە دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ڕژانە سەر شەقامەکان. هاوڵاتیان لە بەردەم بنکەکانی ڕوسیادا داگیرکاری و بینەربوونی ڕوسیایان شەرمەزارکرد و ڕایانگەیاند، تا دوا هەناسە بەرگری دەکەن.

لە دژی تاوان و هێرشەکانی داگیرکاری تورکیا لە دژی گەل و پێکهاتەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و بەئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی بە بەرچاوی هێزە گارنتیکارەکانی ڕوسیا و حکومەتی دیمەشقەوە، گەل کاردانەوەی ناڕەزایەتی و نەرێنی نیشاندا و ڕژانە سەر شەقامەکان.

بۆ ئیدانەکردنی ئەو کارانە، سەدان کەس لە دانیشتوانی قامیشلۆ و لایەنە سیاسییەکان و بزووتنەوەکانی ژنان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە گۆڕەپانی باسل لە باشوری قامیشلۆ کۆبوونەوە و بەرەو ناوەندی هێزەکانی ڕوسیا لە فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی قامیشلو بەڕێکەوتن.

هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا لە دوای کۆبوونەوەی سۆچی لە ٥ی ئاب لە نێوان ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ڕووسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا زیادی کرد.

مەعسوم حەسەن هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی بنەماڵەى شەهیدان لە چالاکییەکەدا وتی: "ئێمە بۆ ژیانێکی شکۆدار لە مردن ناترسین، هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا ناتوانێت ببێتە هۆی ئەوە ئێمە دەستبەرداری بەرخۆدان ببین، ئێمە ئازادیخواز و ئاشتیخوازین. پێویستە تێکۆشان لە دژی داگیرکەران زیاتر بکەین".

پاشان شاندێکی بەشداربووان بۆ گەیاندنی نامەیەک بە هێزەکانی ڕووسیا چوونە ناو بنکەی ڕووسیا. پاش گەڕانەوەی شاندەکە مەسعود داود هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک لە قامیشلۆ ڕایگەیاند، داوایان لە هێزەکانی ڕوسیا کردووە هێرشەکانی داگیرکارییەکانی تورکیا بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بوەستێنن.

عامودێ

لە ناوچەی عامودێی کانتۆنی قامیشلۆ، حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانی بۆ شەرمەزارکردنی هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا و بە ئامانجکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا. لە خۆپیشاندانەکەدا دەیان هاوڵاتی ناوچەکە و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشدارییان کرد.

خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی شەنگالەوە بەرەو بنکەی ڕوسیا لە باشوری ناوچەکە بەڕێکەوتن.

خادا ئەحمەد ئەندامی پارتی چەپ لە بەردەم بنکەکەدا ڕاگەیەندراوێکی خوێندنەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لەم دواییەدا دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپ و چەکی قورس دەستی بە هێرش و بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کردووە. هێزەکانی ڕوسیاش لەم ناوچەیەدا وەک هێزی گارانتیکارن، بۆیە دەبێت هەڵوێستی جدییان هەبێت بەرامبەر ئەو هێرشانە.

وەک دەزانین لە ساڵی ٢٠١٩دا ڕێکەوتنێک لەنێوان هێزەکانی گارانتیکارەکانی ئەمریکا و ڕووسیادا کراوە، کە ڕێکەوتننامەی ئاگربەستیان لەگەڵ تورکیا واژۆ کردووە، بەڵام دەوڵەتی تورک ئاگربەستەکەی پێشێلکردووە و چەندین تاوانی دژ بە هاوڵاتیان ئەنجامداوە.

لەم دواییانەدا دەوڵەتی تورکی داگیرکەری چەندین کۆمەڵکوژیی لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجامدا و لە ئەنجامدا منداڵ و ژن و بەساڵاچووان شەهید بوو، ئەمەش بەو مانایە دێت، کە دەوڵەتی تورک هەموو گەلانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج نەک تەنها گەلی کورد، نیشانەی ئەوەش ئەوەیە، هاووڵاتیانی گەلی عەرەب و گەلانی تریش لەو هێرشانەدا کراونەتە ئامانج و شەهید بوون.

ئێمە وەک پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانی بە شێوەیەکی سەرەکی داوا لە ڕووسیا دەکەین، کە ئەم هێرشانە بوەستێنێت، چونکە هێزێکی گارانتیکارە لە ناوچەکەدا.

لەبەرامبەر ئەو هێرشانە بێدەنگ نابین، بەپێچەوانەوە ئەم هێرشانە پێداگریمان لەسەر پەیوەستبوون بە خاک و بەرخۆدانەوە زیاتر دەکات".

دوای خوێندنەوەی بەیاننامەکە، حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانی نامەکەیان گەیاندە بنکەکەی ڕوسیا.

ژ.ت