لەدژی هێرشە داگیرکارییەکان کەمپینێکی نێونەتەوەیی واژۆ کۆکردنەوە دەستیپێکرد

لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی کەمپینێکی واژۆ کۆکردنەوە دەستیپێکرد.

ئەو کەمپینە بە پێشەنگایەتی 'پلاتفۆرمی دیپلۆماسی کۆمەڵایەتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا' دەستیپێکردوە و لە زۆرێک لە وڵاتان، لەلایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دیموکراتیک هاوکاری دەکرێت.

کەمپەینەکە لە ڕۆژی ٧ی تشرینی یەکەمەوە بە دروشمی 'بانگەوازی بەپەلە بۆ ئەنجامدانی چالاکی: لە بەرامبەر شەڕی دژی مرۆڤایەتی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بوەستەوە' دەستیپێکرد. بۆ هەڵمەتەکە دەق بە زمانەکانی ئینگلیزی، ئیسپانی و پورتوگالی ئامادەکراون.

لە دەقی کەمپینەکەدا داوا لە هێز و دامەزراوە نێونەتەوەییەکان کراوە، کە بەرامبەر هێرشەکان بوەستنەوە و دەستبەجێ هەنگاو بنێن.

لەو کەمپینە ھاوبەشەی واژۆ کۆکردنەوەیەدا، ٣٤ ڕێکخراو، بزوتنەوە و دامەزراوەی مافی مرۆڤ لە وڵاتانی ئیسپانیا، بەرازیل، مەکسیک، شیلی، کۆڵۆمبیا، هیندستان، چین، ئەمریکا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و عێراق بەشداریان کردووە. بەشێوەی تاکیش واژۆکردن لە زیادبووندایە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە "پلاتفۆرمی دیپلۆماسی کۆمەڵایەتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا"ەوە دەستکەوتوون، تا ئێستا کاتی کۆتایی کەمپینەکە دیاری نەکراوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان دوای کۆتایی ھاتنی ھەڵمەتەکە، ئەو واژۆیانەی کۆکراونەتەوە پێشکەشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دیوانی دادوەری نێونەتەوەیی لاهای و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی دیکە دەکرێت.