لەپێناو ئازادی رێبەری گەلی کورددا نزیکەی ٣ ملیۆن و ٧٠٠ واژۆ کۆکرایەوە
دەستپێشخەری گەلی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، کە لە پێناو ئازادیی جەستیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ٣ ملیۆن و ٦٦٩ هەزار و ٩٠ واژۆیان کۆکردووەتەوە.
دەستپێشخەری گەلی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، کە لە پێناو ئازادیی جەستیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ٣ ملیۆن و ٦٦٩ هەزار و ٩٠ واژۆیان کۆکردووەتەوە.
دەستپێشخەری گەل لە هەرێمی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ٩ی شوبات لە رێگەی کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیەوە لە شاری قامیشلۆ هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆی دەستپێکردبوو. لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا لە هەرێمی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، حەلەب، شام، حەما، حومس، لازقیە، سویدا، قونەیتەرە، سەلامیە و تەرتوس کۆکرانەوە.
دەستپێشخەری گەل لە هەرێمی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ئەمڕۆ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامەکانی هەڵمەتەکەی ئاشکرا کرد. کۆنفرانسەکە لە یاریگای شەهیدانی ١٢ی ئاداری قامیشلۆ سازکرا و لەلایەن ئەندامی دەستپێشخەریەکە ئاینور پاشا راگەیەندراوەکە خوێندرایەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە بە بیرهێنرایەوە کە هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان ٩ی شوباتی رابردوو دەستیپێکرد و لە ٤ی نیساندا کە رۆژی لەدایکبوونی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە کۆتایی هات.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە گەلی سوریا بە هەموو نەتەوە، ئایین و بەشەکانیەوە لەو کاتە رۆژی لەدایکبوونی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان پیرۆز کرد و و داواکارییەکەیان واژۆ کرد و بەوەش پەیامێکیان ئاراستەی هێزە پیلانگێڕەکان کرد. هەروەها راگەیەندرا کە ئەو پەیامە لە هەمان کاتدا ئاستی خۆشەویستی، پشتیوانی، بڕوامەندبوون بە فەلسەفەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و پێداگری گەلە لەسەر دەستەبەرکردنی ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان.
لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە هەڵمەتەکە لە هەرێمەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بە شێوەیەکی بەرفراوان دەستیپێکردووە و بە شارەکانی وەک دیمەشق، حەڵەب، سەلامیە، حومس، حەما، سویدا، لازقیە و قونەیتەرەدا بڵاوبووەتەوە. ئەوەش هاتووە کە بەرفراوانبوونی هەڵمەتەکە ئاستی گرێدانی سەرجەم نەتەوە، ئایینەکان و بەشەکانی کۆمەڵگای بە فەلسەفەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان سەلماندووە و ئەوەش خراوەتەڕوو، "فەلسەفەی رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، بۆ سەرجەم ئاڵۆزییەکان و کردنەوەی گرێکوێرەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لە سوریا رێگەچارەیە".
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "بەهۆی بڕوابوونمان بە گرنگی رۆڵی بە ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا، رێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە چارەسەرکردنی دۆسیەی رێبەر ئۆجالان و دەستەبەرکردنی ئازادی جەستەیی ئەودا ئێمە داوایان لێدەکەین کە رۆڵی کارا بگێڕن و ئیرادە و داواکاری سەرجەم گەلان کە بڕوایان بەو دۆزە هەیە، لەبەر چاو بگرن".
ئەنجامی کۆکردنەوەی واژۆکان بەم جۆرەیە:
منبج: ٧١١،١٨٠
رەقا: ٧٠١،٨٤٥
قامیشلۆ: ٦٢٥،٣٤٣
حەسەکە: ٦٠٣،٨٠٠
دێرەزور: ٣٣٧،٧٠٠
تەبقا: ٢٨١،٣٣٢
فورات: ١٣٤،٥٧٠
حەڵەب: ١٠٣،٨٥٧
عەفرین و شەهبا: ٥١،٢١٢
ناوخۆی سوریا: دیمەشق، حەڵەب، لازقیە، سوەیدا، قونەیتەرە، سەلامیە، تەرتوس، حەما، حومس: ٦،٢٤٣
کۆچبەرانی کورد لە لوبنان: ١٢،٠٠٠
هێزەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی: ١٠٠،٠٠٠
کۆی گشتی واژۆکان: ٣ ملیۆن و ٦٦٩ هەزار و ٩٠ واژۆ
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا سپاسی هەموو ئەوانەکراوە کە بەشدارییان لە هەڵمەتەکەدا کردووە و داواکارییەکەیان واژۆ کردووە.
هـ . ب