مانگی ئەیلول لە عەین عیسا و گرێ سپی ڕاستەوخۆ کەسانی مەدەنی کراونەتە ئامانج

بە ھۆی ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر مانگی ئەیلول لە عەین عیسا و گرێ سپی ئەنجامی دا، کەسێکی مەدەنی گیانی لەدەستدا و ٥ کەسی دیکەش برینداربوون. ھاوکات لە ئەنجامی پێکدادانەکانیشدا ٧ چەتە کوژران.

ھەروەھا سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لە مانگی ئەیلولدا، دەیان جاریش هێرشیان بۆسەر گوندەکانی نزیک بەرەکانی شەڕ لە عەین عیسا و گرێ سپی ئەنجامداوە.

لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی 'پتەوکردنی ئاسایش' لە مانگی ئابدا لە گوندەکانی دێرەزۆر، لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە)، سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی هێرشەکانیان بۆ سەر گوندەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی عەین عیسا چڕتر کردەوە. ڕۆژی ٣ی ئەیلول، چەتەکانی سوپای داگیرکەر هەوڵیان دا بچنە ناو گوندەکانی سێگیرۆ و تروازییە. شەڕڤانانی قەسەدە بەرپەرچیان دانەوە و لە ئەنجامدا ٧ چەتە کوژران و ٧ چەتەی دیکەش بریندار بوون.

رۆژی ٤ی ئەیلول داگیرکەران گوندی حەویجە (کە دەکەوێتە ١٥ کیلۆمەتری ڕۆژهەڵاتی عەین عیسا)یان تۆپباران کرد. لە ئەنجامدا هاوڵاتییەک بە ناوی خەلیل ئیبراهیم حەمەد (تەمەن ٢٣ ساڵ) بریندار بوو.

رۆژی ٢٠ی ئەیلول هێزە داگیرکەرەکان هێرشیان کردە سەر گوندەکانی ئەبو نیتۆلە (کە دەکەوێتە ٢٠ کیلۆمەتری ڕۆژئاوای عەین عیسا) و لە ئەنجامدا هاوڵاتییەک بە ناوی ماجد ئیبراهیم عەلی بریندار بوو.

رۆژی ٢١ی ئەیلول، کۆچبەرێک بە ناوی قەبن عەزیز خەلیل (تەمەن ٢٩ ساڵ) کاتێک لە نزیک گوندی شێخ حەسەن لە ڕۆژهەڵاتی عەین عیسا لە کێڵگەکەیدا کاری دەکرد بە ھۆی تۆپبارانی داگیرکەران بریندار بوو.

ڕۆژی ٢٧ی ئەیلول، سوپای تورکی داگیرکەر گوندی حەدریات (کە دەکەوێتە ٧ کیلۆمەتری ڕۆژهەڵاتی عەین عیسا)، بە چەکی قورس تۆپباران کرد و لە ئەنجامدا هاوڵاتییەک بە ناوی عومەر محەمەد جەوید (تەمەن ٣٥ ساڵ) شەهید بوو و دوو کەسێکی دیکەش بە ناوەکانی مەحفوز حەمادی (تەمەن ٣٠ ساڵ) و مریسی حەمادی (تەمەن ٢٣ ساڵ) بریندار بوون.

ڕۆژی ٧ی ئەیلول، سوپای تورک ھێڵێکی گواستنەوەی کارەبای کردە ئامانج، کە کارەبای بۆ کارگەی چیمەنتۆی لاڤارج دابین دەکرد. لە ئەنجامدا کارەبای گوندەکانی ڕۆژئاوای ناوچەکە و گوندەکانی کانتۆنی گرێ سپی (لە گوندی جەدیدەی عین عیسا تا گوندی جرن) پچڕا.

ڕۆژی ١٨ی ئەیلول، داگیرکەران جارێکی دیکە هەمان هێڵی کارەبایان کردە ئامانج و بەو ھۆیەوە جارێکی دیکە کارەبای ئەو ناوچانە پچڕا. هەروەها داگیرکەران هێرشیان کردە سەر گوندەکانی ئەحمەدیە، عەریزە و بەندەرخان لە ڕۆژهەڵاتی عەین عیسا. بەهۆی تۆپبارانەکەوە پرۆسەی خوێندن ڕاگیرا.

بە گوێرەی ئامارەکانی ئاژانسی ھاوار نیوز، لە سەرەتای داگیرکردنی گرێ سپیەوە، بە ھۆی هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەرەوە بۆ سەر گوندەکانی عەین عیسا و گرێ سپی، بە گشتی ١٢٥ هاوڵاتی مەدەنی شەهید و بریندار بوون کە لەو ژمارەیە ٥٠ کەسیان منداڵن.

ژ.ن