مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی هەرێمی فورات پشتگیری لە هەڵمەتی ١٠ ی تشرینی یەکەم کرد

مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی هەرێمی فورات پشتگیری لە هەڵمەتی ١٠ ی تشرینی کرد و ڕایگەیاند، تێکۆشان مەزنتر دەکەن.

مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی هەرێمی فورات، بە ڕاگەیاندراوێک بەشداربوونی لە هەڵمەتی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" ڕاگەیاند. برای شەهید باران دۆگان، مەزڵوم نەبی، لە ناوەندی مەجلیسەکە لە کۆبانێ ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە.

مەجلیسەکە لە ڕاگەیاندراوەکەدا، دووپاتی کردەوە، بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئامادەن هەموو شتێک بکەن.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوام سزای نوێ لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەسەپێنێت، لەگەڵ ئەوەی گۆشەگیرییەکی توند و دوور لە هەموو بەها و یاسایەکی نێونەتەوەیی هەیە، ناهێڵێت پارێزەر و بنەماڵەکەی سەردانی بکەن.

مەجلیسەکە داوا دەکات لە گەلی کورد و تەواوی کوردستان و ئەو ٧٤ شارەی بەشداری هەڵمەتەکە بوون، هەڵمەتەکە تەنها لەسەر ئاستی ڕاگەیاندراو نەمێنێتەوە.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا، مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان، بەڵێن بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گەلی کورد دووبارە دەکاتەوە، کە درێژە بە تێکۆشان دەدەن بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ دۆزی کورد.