مەسەدە: لە دژی داگیرکەری یەکدەگرین
مەسەدە بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە داگیرکەری دەوڵەتی تورک داوای لە هەموو لایەنە سورییەکان کرد 'دیالۆگی نیشتمانی' ئەنجام بدەن.
مەسەدە بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە داگیرکەری دەوڵەتی تورک داوای لە هەموو لایەنە سورییەکان کرد 'دیالۆگی نیشتمانی' ئەنجام بدەن.
ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) لە شەشەمی ساڵیادی دەستپێکردنی هێرشە داگیرکەرییەکان بۆ سەر عەفرین، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیادا ئاماژەی بەوەکردووە کە لە هێرشە داگیرکەرییەکانی دژ بە عەفریندا دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەیویست کە عەفرین ببێتە خاڵێکی تێکشکان، بەڵام گەلی عەفرین ئەو پلانە چەپەڵەیان پوچەڵکردەوە و بە ٥٨ رۆژ بەرخودان سەلماندیان کە هێزە پەلاماردەرەکان ناتوانن ئیرادەیان بشکێنن.
تاوانەکانی دەوڵەتی تورک: کۆمەڵکوژی، دەستدرێژی و دزی
مەسەدە لە راگەیەندراوەکەیدا باسی لەوەکردووە، "دەوڵەتی تورک لەم ٦ ساڵەدا لە دژی دانیشتوانی رەسەن کە لە شارەکەدا ماونەتەوە تاوانەکانی دڕندانەی شەڕی وەک؛ کوشتن، رفاندن، دەستدرێژی و دزینی ماڵ و موڵکی ئەوان و تاڵانکاری، سوتاندنی دار و باخەکانیان ئەنجامدا و ئێستاش هێرشەکانی لە دژی بەروبومی هاووڵاتیان و ژێرخانی هەرێمەکان زیاتر کردووە. ئەوەش دەریدەخات کە تورکیا دەوڵەتێکی داگیرکەر، هێرشکار و خوێنڕێژە و دژی بەرهەمی گەلانە".
هەروەها مەسەدە بەردەوامی داگیرکردنی عەفرین و ناوچەکانی دیکەی باکووری سوریای شەرمەزار کرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی وەک؛ ئەنجومەنی ئاسایش، یەکێتی ئەوروپا و کۆمکاری عەرەبی کرد کە رۆڵی خۆیان جێبەجێ بکەن، کۆتایی بە داگیرکەری بهێنن، گروپە لایەنگرەکانی لە هەرێمەکە دەربکەن و لە دادگا نێونەتەوەییەکاندا دادگاییان بکەن، هەروەها گەڕانەوەیەکی پاڕێزراو بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە دەستەبەر بکەن.
بانگەواز بۆ دالۆگ و یەکڕیزی
لە راگەیەندراوەکەیدا مەسەدە بانگەوازی ئاراستەی گەلی سوریا، حزب و رێکخراوەکان کردووە و رایگەیاند، "هەرچەندە روانینمان بۆ زۆر بابەت جیاوازیش بێت، بەڵام دەبێت دەستبەجێ لە بەرامبەر هێرشەکان و ئەو کەسانەی دژی یەکگرتوویی وڵاتەکەن، بە رۆحێکی بەرپرسیارانەی نیشتمانی پێکەوە کاربکەین و دەست بە دیاۆگێکی نیستمانی بکەین بۆ ئەوەی ئاڵۆزیەکان چارەسەر بکرێن".
مەسەدە لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، کە "ئێمە لەو بڕوایەداین کە ئەگەر ئێمە لە شەڕی قڕکردندا کە دژی گەلی سوریا ئەنجام دەدرێت، یەکنەگرین، ئێمە تووشی شکست دەبین".
هـ . ب