مەزلووم عەبدی و شاندێكی ئەمریكی كۆبوونەوە

فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتیك"قەسەدە"، ئەمڕۆ لەگەڵ شاندێكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كۆبوویەوە. هەردوولا دوایین پێشهات و پەرەسەندنەكانی ناوچە، تێكۆشان لەدژی تیرۆر و گرنگی پاراستنی هەرێمەكەیان تاوتۆێ كرد.

بەگوێرەی زانیاریەكانی راگەیاندنی قەسەدە؛ شاندی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەجێگری وەزیری دەرەوە ئەمریكا، ئەتهان گولدریچ، جێگری وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری عێراق جنیفری گالیتۆ، بەرێوەبەری دۆسیەی سوریا و عێراق لەئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان"یو ئین"، زەهرا بێل و نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا ماتهەو پەڕال پێكهاتووە.

لەكۆبوونەوەكەی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكراتیك"مەزلووم عەبدی" و شاندە ئەمركییەكە؛ بەردەوامی هاوكاری لەنێوان باكوری و رۆژهەڵاتی سوریا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەپێشەنگایەتی ئەمریكا جەختی لەسەركراوەتەوە. هەروەها گۆڕینەوەی بیروڕا لەسەر دوایین پێشهات و گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە و تێكۆشان لەدژی تیرۆر و چەتەكانی داعش بەتایبەتی لەپاش رووداوی هێرشەكردنە سەر زیندانی پیشەسازی حەسەكە تاوتۆی كران.

هـ . ب