مەزڵوم عەبدی: هەڕەشەی داعش بەردەوامە
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند، داعش هێشتاش هەڕەشەیە بۆ سەر هەرێمەکە و جیهان، هاوکات هێرشەکانی داگیرکەری تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە.
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند، داعش هێشتاش هەڕەشەیە بۆ سەر هەرێمەکە و جیهان، هاوکات هێرشەکانی داگیرکەری تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە.
فەرماندەی گشتی قەسەدە، مەزڵوم عەبدی لەڕێگەی پەیامێکی ڤیدیۆییەوە پیرۆزبایی بەستنی چوارەمین کۆنگرەی پارتی سوریای ئایندەی لە ڕەقە کرد.
مەزڵوم عەبدی لە پەیامەکەیدا گوتی: "مەترسی چەتەکانی داعش بەردەوامە و هێشتاش هەڕەشەیە بۆ سەر گەلەکەمان و سەراپای جیهان، ئەگەر ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانمان لەگەڵ هاوکارانمان نەبێت، هەرێمەکە لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت".
مەزڵوم عەبدی هەروەها گوتی: "لەلایەکی دیکەوە، هێرشەکانی داگیرکەری تورک بۆ سەر هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە، داگیرکردنی خاک هێشتاش درێژەی هەیە، ژێرخان و خزمەتگوزارییەکانی گەل دەکاتە ئامانج، تاوەکو هیچ خزمەتگوزارییەک پێشکەشی گەل نەکرێت".
هەروەها ئاماژەی کرد بە هەوڵەکانی ڕژێمی سوریا بۆ تێکدانی سەقامگیری و خوڵقاندنی ئاژاوە لەنێوان پێکهاتەکاندا، گوتی: "پێویستە هەموومان لەڕێگەی کار و خەباتی هاوبەش و ڕێکخستن و هۆشیارکردنەوەی جڤاکەوە، ئەم هەوڵانە پووچەڵ بکەینەوە".