بە پێشەنگایەتی یەکێتی نووسەرانی کورد لە سوریا نۆهەمین فیستیڤاڵی کورتەچیرۆک لە پارکی خوێندن لە شاری قامیشلۆ بە بەشداری ٣٥ چیرۆکی ٣٥ نووسەر بە درووشـمی "چیرۆک بیرهێنانەوەی گەلانە" دەستی پێ کرد و ٥ ڕۆژ بەردەوام دەبێت. ئامانجی فیستیڤاڵەکە ئەوەیە، گەلی کورد بە پێنووسی خۆی بەرامبەر دوژمن شەڕ بکات و زمانی خۆی بپارێزێت. دەربارەی فیستیڤاڵەکە، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری یەکێتی نووسەرانی کورد، نۆشین بێجرمان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.
نۆشین بێجرمان ڕایگەیاند فیستیڤاڵەکە لە ٨ ی حوزەیران دەستی پێ کردووە و تا ١٢ ی حوزەیران بەردەوام دەبێت، ٤١ چیرۆک ڕادەستی کۆمیتەی هەڵسەنگاندن کراون و ٣٥ چیرۆک پەسەندکراون و لە پێشبڕکێدان. بێجگە لە قامیشلۆ چیرۆکنووسان لە عەفرین و کۆبانێ و هۆڵەندا و ئامەد و سویدیش بەشداربوون.
هەروەها دووپاتی کردەوە هەر ڕۆژێک چەند چیرۆکێک دەخوێنرێتەوە، گوتی: "ڕۆژی یەکەم بە وتەی ئەندامانی کۆمیتەی نووسەرانی کورد لە سوریا و تەڤگەری چاند و هونەری دیموکراتیکی میزۆپۆتامیا (تەڤ-چاند) دەستی پێ کردووە و ٦ چیرۆک خوێنراونەتەوە، ڕۆژی دووەم ٨ چیرۆک، ڕۆژی سێیەم ٨ چیرۆک، ڕۆژی چوارەم ٧ چیرۆک، ڕۆژی پێنجەم ٦ چیرۆک دەخوێنرێنەوە. بەشداربوون نیشتەجێی شار و وڵاتی جیاوازن".
لەکۆتاییدا جەختی کردەوە لە کۆتاییدا چیرۆکە سەرکەوتووەکانی پێشبڕکێیەکە خەڵات دەکرێن و گوتی: "لەکۆتاییدا پرسیار و وەڵام لەگەڵ بەشداربووانی فیستیڤاڵەکە ئەنجام دەدرێت. ئەوەی وەڵامی ڕاست بداتەوە، کتێبی وەک خەڵات دەکرێت".