نەواف خەلیل: پەکەکە "مەحاڵ و ئەستەم"ی ئەنجامدا

نەواف خەلیل وڵاتپارێزی ڕۆژئاوا وتی، تێکۆشانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و پەکەکە لە مێژووی کوردستان دا 'مەحاڵ و ئەستەم'یان پێکهێنا.

نەواف خەلیل وڵاتپارێزی ڕۆژئاوا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باسی لەوە کرد، کە چۆن بزووتنەوەی ئازادیی کوردی ناسیوە. خەلیل وتی: "ئێمە لە تەربەسپی بووین. کۆمەڵێک خوێندکار هەبوون. هەڤاڵێک بە ناوی خەبات لە ناویاندا بوو، کە دواتر شەهید بوو. خوێندکارەکان ڕۆژی هەینی بە منیان وت، هەڤاڵان شیکاری و لێکدانەوە دەکەن. ئێمە پێشتر پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بووین. بە سایەی ئەو خوێندکارانەوە لە ساڵی ١٩٨٨دا بیر و ڕامانی ئاپۆیی هاتە ناو ماڵەکەمانەوە. لە ساڵانی ١٩٨٦-١٩٨٧ گەنجێک، کە لە شام (دیمەشق) کاری کردبوو، هاتە گوندەکەمان و باسی لە شۆڕشی باکوری کوردستان ڕێبەر ئاپۆ کرد و وتی، کورد ڕزگار دەکەن. هەرچەندە ئێمە زانیاری زۆرمان لەو بارەیەوە نەبوو، بەڵام هاوسۆزیمان بۆی دروستبوو".

ڕۆیشتنی گەل بۆ لای عەبدوڵا ئۆجالان

نەواف خەلیل وتی، لە مانگی تشرینی دووەمی ١٩٩٧دا ڕۆیشتووە بۆ لای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زۆر پێی سەرسام و کاریگەر بووە. نەواف خەلیل وتیشی: "هاتنی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و پەکەکە بۆ سوریا کاریگەریی گەورەی هەبوو. لەوە  تێگەیشتین، کە دەبێت وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەری چۆن بێت و چییە. گەل لە هەموو کات زیاتر پشتیوانی و خاوەندارییان دەکرد. چەندین گەنج بەشداری شۆڕش بوون و شەهید بوون. کوردایەتییەکی وەها هەبوو، کە نەک تەنها لە خۆی، بەڵکو بیری لە هەموو کوردێک دەکردەوە. ڕۆژئاوا بوو بە بەرەیەکی شۆڕشی باکوری کوردستان".

لەوانی تر جیاواز بوون

نەواف خەلیل ڕایگەیاند، تا ئەو کاتەی بزووتنەوەی پەکەکە دەستی پێکرد، بزووتنەوەکانی دیکەی کورد نەیانتوانی لە پارچەکانی خۆیان دەرچن، کێشەی پێشەنگایەتییان هەبوو و تەمەنیان کورت بوو. ڕاشیگەیاند، "پەکەکە تەنها لە باکوری کوردستان نەمایەوە. خۆی بە  هەموو بەشەکانی کوردستان و هەموو شوێنەکانی جیهاندا بڵاوکردەوە، پەکەکە ڕاستیی مێژوو و کۆمەڵگای کوردی نیشاندا و سەلماندی. ئەوەی فێری کورد کرد، کە چۆن دەتوانێت خاوەنداری لە ڕاستییەکانی خۆی بکات. ئەوانەی تا ئێستا ڕاستی پەکەکەیان  بۆ دەرنەکەوتوە، دەبێت ئیدی بیناسنەوە. ئەوەی کورد ئازاد بکاتە ئەم بزووتنەوەیەیە. ناسینی پەکەکە متمانە و بڕوا بە خەڵک دەدات و باوەڕیان تیادا دروست دەکات".

ژ.ت