نەورۆزی قامشلۆ و عەفرین: پەکەکە نەورۆزی گەلانی ژێردەستەیە

لە ئاهەنگەکانی نەورۆز لە هەرێمەکانی قامشلۆ و عەفرینی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا پەیامی ' پەکەکە نەورۆزی گەلانی ژێردەستەیە' درا.

فۆزا یوسف ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)  لە ئاهەنگی نەورۆزی قامشلۆدا قسەی کرد و وتی، " نەورۆز لە ڕێبەر عەبدوڵلا ئۆجالان، گەریلا، زیندانیان لە زیندانەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) و گەلانی هەرێمەکە پیرۆز دەکەم."

فۆزا یوسف بانگی لە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و هێزە کوردستانیان کرد کە لەگەڵ کورد یەکبگرێت و هەموو پیلانەکانی دوژمن تێک بشکێنن و داگیرکەری لەناوببەن.

هەروەها فۆزا یوسف داوای لەحکومەتی دیمەشق کرد واز لەسیاسەتی نکۆڵیکردن بهێنێت. چونکە کاتی ئەوە هاتووە قەیرانی سوریا لەڕووی سیاسیەوە چارەسەر بکرێت و سوریایەکی دیموکراتی بنیات بنڕێت.

فۆزا یوسف لەوتارەکەیدا پێویستیی یەکڕیزی هێزەدیموکراتییەکان لەسوریا بۆ ئازادکردنی هەموو ناوچە داگیرکراوەکان و ژیانێکی ئازاد و دامەزراندنی دەستوورێکی دیموکراسی و نەهێشتنی داگیرکاری بە گرنگ لەقەڵەمدا.

ئیلهام ئەحمەد سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لە وتارەکەیدا بەبۆنەی جەژنی نەورۆز لە هەرێمی عەفرین، پێویستیی زیاترکردنی تێکۆشانەکەی خستەڕوو و وتی: پێویستە نەورۆز ساڵی نوێی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ڕزگارکردنی ناوچە داگیرکراوەکان بێت.

ئیلهام ئەحمەد وتی، " نەورۆز لە شەهیدان، گەلی کورد جیهان و شەڕڤانان لە بەرەکانی شەڕ پیرۆز بێت. پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ گەلانی ژێردەستە نەورۆز و هیوای بەدەستهێنانی مافەکانیەتی. ٥٠ ساڵە پارتی و پێشەنگەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی شکۆمەندان تێدەکۆشن."

ئیلهام ئەحمەد رایگەیاند، لە سایەی خوێنی شەهیدان، سیاسەتی قڕکردن و رەتکردنەوە لەناوچوو و وتی، " بەهۆی فیداکاریەکان، سەرۆکی وڵاتانی جیهان نەورۆزیان پیرۆز کرد و لە سایەی شەهیدان ئێمە لەنێو ئازادیداین."

ئیلهام ئەحمەد تەئکیدی کردەوە کە دەست لە ڕێگەی راست هەڵناگرن و لەسەر ڕێچکەی ئازادی بەردەوامی بە تێکۆشان دەدەن و وتی، " ئێمە هەموو بستێکی خاکی داگیرکراو ئازاد دەکەین و بەرخۆدانی شەهبا، نیشانەی ئەوەیە کە گەل وابەستەی خاکەکەیەتی. لەسایەی بەرخۆدان و ئیرادەی خۆمان سەردەکەوین."

لە کۆتایی قسەکانی ئیلهام ئەحمەد وتی، " ئەمساڵ دەبێتە ساڵی ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵلا ئۆجالان و ناسکردنی هەبوونی گەلی کورد لە جیهان. پێویستە ئێمە دەنگی خۆمان بەرز بکەینەوە و داواکاری خۆمان زۆرتر بکەین و پێویستە خۆمان لە جیهان بسەپێنین. بەڵی بۆ مافی ئازادی و شکۆمان، لەبەر ئەوەی ئێمە گەلێکی راست و دروستین."

ف.ق