پەیەدە: ئێمە خاوەنداری لە تێکۆشانی قاڕەمانی گەریلا دەکەین

پەیەدە ناڕەزایی لەبەرانبەر هێرشی داگیرکەری تورک بە پشتگیری پەدەکە و ئەنەکەسە پیشاندا و وتی، " پشتگیری لە تێکۆشانی قاڕەمانێتی گەریلا دەکەین."

ئەنجومەنی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان (پەیەدە) لەبارەی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا و پشتگیری پەدەکە و ئەنەکەسە لەسەر هێڵی خیانەت راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

راگەیەنراوەکە بەم شێوەیەیە:

" لەگەڵ هێرشی گشتی هاوبەشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بۆ سەر گەلی کورد و گەریلاکانی ئازادی، ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) لەجیاتی ئەوەی لەدژی سیاسەتی قڕکردن بوەستێتەوە، پارتەکەمان بە سوتاندنی نوسینگەکەی و تیرۆر تاوانبار دەکات. ئەمەش ئاستی هاوکاری ئەنەکەسە لەگەڵ دوژمنانی گەلی کورد دەردەخات کە ئێدی هەمان زمانی دوژمن بەکاردەهێنێت و بەو شێوەیە دەجوڵێتەوە.

ئەنەکەسە کە تاوەکو ئێستا لەدژی داگیرکەری تورک کە هەموو رۆژێک هێرش دەکات سەر هەرێمەکانی سوریا، هیچ راگەیەنراوێکی بڵانەکردوەتەوە و تاوەکو ئێستاش سەر بە ئیتلافە، زۆر شەرمە کە هێرش دەکات سەر پارتێکی شۆڕشگێر کە هەزاران شەهیدی داوە.

لە جێگەی ئەوەی سکرتێری گشتی ئەنەکەسە رابگەیەنێت کە پشتگیری لە سیاسەتی دوژمن لەدژی گەلی کورد دەکات، پێویستە بوو لەگەڵ گەلەکەی جێی خۆی بگرێت و ناڕەزایی نیشتمانی پیشان بدات. بانگەوازیمان بۆ پەدەکە ئەوەیە کە دەست لە هاوکاریکردنی لەگەڵ دەوڵەتی تورک هەڵگرێت.

ئەم هێرشە لەدژی چیاکانی کوردستان، لەدژی هەبوون و ناسنامەی ئێمەیە، پێویستە ئێمە بە ئئیرادەیەکی پۆڵایی لە بەرانبەر هێرشەکان بوەستینەوە. ئێمە داوا لە هێزە سیاسیەکانی کوردستان دەکەین کە هەڵوێستی جددی لە بەرانبەر ئەو کەسانە پیشان بدەن کە چارەنوس و دوارۆژی گەلەکەمان تاریک دەکەن و دەیخەنە مەزادەوە.

ئێمە ئەجندا و هاوکاری دوژمن رەت دەکەینەوە و هەڵوێستی شەرمەزاری ئەنەکەسەش ئیدانە دەکەین. جارێکی دیکە دۆپاتی دەکەینەوە کە هەر وەک چۆن گەریلا پشتگیری لە گەلەکەمان کرد لە کۆبانێ، کەرکوک، مەهاباد و ئامەد، ئێمەش پشتگیری لە بەرخۆدانی داستانی گەریلا دەکەین.

ئەمڕۆ رۆژی پاراستنی شکۆداری و هەبوونە، پێویستە گەلەکەمان لە چوار پارچەی کوردستان لەگەڵ شەڕڤانانی ئازادی لە بەرانبەر سیاسەتی خیانەت و قڕکردن بوەستێتەوە."

ف.ق