قەدەغەی هاتووچۆ لە رۆژئاوا ڕاگەیەندرا
دەستەی ناوخۆی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا قەدەغەی گشتیی لەسەر کانتۆنی حەسەکە و بەشێک لە ناوچەکانی دیکەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ڕاگەیاند.
دەستەی ناوخۆی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا قەدەغەی گشتیی لەسەر کانتۆنی حەسەکە و بەشێک لە ناوچەکانی دیکەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ڕاگەیاند.
بەڕێوبەرایەتیی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمەکە قەدەغەى هاتوچۆ لە کانتۆنی حەسەکە و بەشێک لە ناوچەکانی دیکەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە رادەگەیەننین.
راگەیاندراوەکە بەو شێوەیەیە:
"دەوڵەتی تورک شکستی هێنا لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی بۆ تێکشکاندنی ئاسایش و سەقامگیریی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بۆیە جارێکی دیکە ڕووی لە داعش کردووە بۆ ئەوەی ئامانجە چەپەڵەکانی خۆی لە تێکشکاندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و دەستکەوتەکانی پێکبهێنێت.
بەڵام بەرخۆدانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) و هێزە ئازا و قارەمانەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئەم هێرشەیان بۆ سەر خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و پێکهاتەکانی تێکشکاند و ئامانجی دەوڵەتی تورکی داگیرکەریان پووچەڵ کردەوە. دەوڵەتی تورک بەو هەوڵەی جارێکی تر سەلماندی، کە ئەو گەورە و بەڕێوەبەر و پلاندانەری داعشە، کە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهان دروست دەکات.
ئێمە وەک دەستەی ناوخۆی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تا هەفتەیەک قەدەغەی تەواو و گشتیی هاتووچۆ لە ناوخۆیی و دەرەوەی شاری حەسەکە ڕادەگەیەنین. قەدەغەکردنەکە لە ٢٤ی کانوونی دووەمەوە تا ٣١ی کانوونی دووەم دەستپێدەکات. قەدەغەکردنەکە گشتیە، تەنها دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی وەک (نانەواخانە، ئاش، ناوەندەکانی تەندروستی، سوتەمەنی و شارەوانییەکان)، کە سروشتیان جیاوازە کار دەکەن. هەروەها لە بەشێک لە دەزگاکان و شارەکانی تردا قەدەغەکردنەکە لە کاتژمێر ٠٦:٠٠ ی پاش نیوەڕۆوە دەستپێدەکات تا کاتژمێر ٠٦:٠٠ی بەیانی.
لەکاتی قەدەغەکردنەکەدا هاتووچۆی نێوان شارەکان قەدەغە دەکرێت. بۆ پاراستنی ئاسایشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داوا لە گەلەکەمان دەکەین، کە پابەندی ئەو رێنماییانە بن، بۆ ئەوەی هێزەکانمان بتوانن ئەرکی خۆیان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە جێبەجێ بکەن.
هیوای سەرکەوتنی بەردەواممان بۆ هێزەکانمان دەخوازین ".
ژ.ت