قەسەدە: ٢ چەتە و سەربازێکی تورک کوژران

شەڕڤانانی قەسەدە لە ئەنجامی بەرپرچدانەوەی هێرشە داگیرکارییەکانی دوێنێی سەر تشرین و قەرەقۆزاقدا ٣ داگیرکەرییان کوشتووە، درۆنێکی خۆکوژیش خراوەتە خوارەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە بە ڕاگەیاندراوێک پەیوەست بە هێرشە داگیرکارییەکانی دوێنێی دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە زانیاری خستە ڕوو.

ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیە:

"ماوەی سێ مانگە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتاکانی بۆسەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە.

بەرەی باشووری ڕۆژهەڵاتی منبج؛ دوێنێ (چوارشەممە) شەڕڤانانمان لە گوندەوارەکانی بەنداوی تشرین درۆنێکی خۆکوژی چەتەکانی دەوڵەتی تورکیان خستەخوارەوە. هەروەها لە دژی کۆمەڵێک لە چەتە کە لە ئامادەکاریی هێرشکردندا بوون گورزییان وەشاند. لە ئەنجامدا چەتەیەک کوژرا. هاوکات  دەوڵەتی تورک بەنداوی تشرین و دەوربەری بۆردوومان کرد و زیانێکی زۆری ماددی بەر شوێنە بۆردوومانکراوەکان کەوت.

بەرەی دێر حافر؛ شەڕڤانانمان هەوڵێکی چەتەکانیان بۆ کەوتنە ناو سەنگەرەکانیان تێکشکاند و چەتەیەک کوژرا. یەکینەکانی شەهید هاروون گورزی لە بارەگایەکی چەتەکان وەشاند، بەڵام ژمارەی کوژرا و برینداری چەتەکان نەزانرا.

بەرەی ڕۆژئاوای کۆبانێ؛ فڕۆکەی جەنگی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کێڵگەی مونیر حەبیبی بۆردوومان کرد و زیانێکی زۆر بەر باخ و باخچەی هاوڵاتییانی مەدەنی کەوت. فڕۆکەی سیخوڕی دەوڵەتی تورک بە بەردەوامی بە ناوچەکەدا دەسوڕانەوە.

بەرەی قەرەقۆزاق و باشووری کۆبانێ؛ فڕۆکەی جەنگی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر گوندەکانی خەسەق و مەلحەی باشووری کۆبانی بۆردوومان کرد و زیانێکی زۆری ماددی لێکەوتەوە. هاوکات گوندەکانی دیکان، بیر حەسۆ، مەلحە، خەسەق، جادا، گردی سێڤێ، سینا، تینا و پردی قەرەقۆزاقی بە تۆپهاوێژ و موشەک بۆردوومان کرد. لە بەرانبەر ئەم هێرشانەدا هێزەکانمان لە گردی قەرەقۆزاق چالاکییان لە دژی گرووپێکی داگیرکەری سەربازانی تورک و چەتەکانی ئەنجامدا. ئەوەندەی ڕوونبووەتەوە سەربازێکی تورک کوژراوە و ٤ی دیکەش بریندار بووە."