قەسەدە دانپێدانانی شەش سیخوری میتی بڵاوکردەوە

قەسەدە دەستگیرکردنی ئەندامانی تۆڕێکی سیخوڕی راگەیاند، کە لە شەش کەس پێکهاتوون و دانیان بەوەدا ناوە کە لەبەرامبەر بڕێک پارە سیخوڕییان بۆ میت کردووە.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) شەش ئەندامی تۆڕێکی سیخوری دەستگیرکراون و کە دانیان بەوەدا ناوە زانیاری و وێنەی بنکە و بارەگا سەربازی و ئەمنییەکان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی هەرێمەکەیان بە میت داوە.

ئەو کەسانە کە بەڕێگەی جیاجیا و لەلایەن کەسانی نیشتەجێی تورکیا و ناوچە داگیرکراوەکانی باکووری سووریاوە بەستراونەتەوە بە تۆڕی سیخوڕی میت و جیا لە گەیاندنی وێنە و دیمەن و زانیاری لە سەر شوێنە سەربازی و مەدەنیەکان، بەشداریشیان لە چەندین کردەوەی تێکدەرانە و خراپەکارانەدا کردووە.

وەک لە دانپێدانانی ئەو کەسانەدا دەردەکەوێت لە بەرامبەر بڕێک پارە یاخود لە ژێر هەڕەشەدا ئەو کارانەیان کردووە و لە ئەنجامی کردەوە سیخوڕییەکانیان زیانی گیانی و مادی بەر هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و هاووڵاتیانی مەدەنی کەوتووە.

یەکێک لە سیخوڕەکان باس لەوە دەکات لە نزیک عەین عیسا وێنەی هەشت خاڵ و بنکەی قەسەدەی تۆمار کردووە و رادەستی کەسێکی سەر بە میتی کردووە و لە ئەنجامدا دەوڵەتی تورک یەکێک لەو بنکانەی بە کاتیوشا بۆردومان کردووە و بەهۆیەوە شەڕڤانێکی قەسەدە شەهیدبووە.

قەسەدە لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئەو سیخوڕانە پەشیمانبوونەوەیان لە کردەوەکانیان دەربڕیوە، هەروەک داواشی لە گەنجان کردووە نەکەونە داوی گەمەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە و پشتی گەلەکەیان بگرن و جەختی کردووەتەوە: "وەک چۆن دوژمن بێ بەزەییانە دەجوڵێتەوە، هێزەکانیشمان لە دۆزینەوە و گرتنی سیخوڕەکان بەردەوام دەبن و راپێچی بەردەم دادگایان دەکەن".