قەسەدە: دەوڵەتی تورک دژ بە مرۆڤایەتی تاوان ئەنجام دەدات

ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە ئاماری ٢٤ کاتژمێری بەرخۆدانی لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە داگیرکەران بە هێرشکردنە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانی ناوچەکە دژ بە مرۆڤایەتی تاوان ئەنجام دەدەن.

ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە سەبارەت بە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری منبج و بەرخۆدان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:

"دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوامە لە هێرشە ئاشکراکانی بۆ سەر هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕۆژانە گوندەکان، ناوچەی نیشتەجێبوون و ژێرخانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج و لە دژی مرۆڤایەتی تاوان ئەنجام دەدات."

دەوڵەتی داگیرکەری تورک رۆژی شەممە، لە بەرەبەیانەوە تا نیوەڕۆ، بە تۆپ و هاوەن لە بەرەی گوندی خربە زەمالا لە گوندەکانی بەنداوی تشرین هێرشەکانی دەستپێکرد. پاشان چەتەکان هێرشیان بۆ سەر گردەکە دەستپێکرد. شەڕڤانانمان وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە؛ ژمارەیەک لە چەتەکان کوژراون و برینداربوون و پاشماوەی چەتەکان لە ناوچەکە هەڵاتن.

چەتەکان لەو هەرێمە هێرشیان کردە سەر خاڵێکی تری شەڕڤانانمان، بەڵام ڕووبەرووی بەرخۆدانی بێوێنەی شەڕڤانانمان بوونەوە. تا ئەو جێگەی ڕوون بووەتەوە، ٣ چەتەکان کوژراون و ژمارەیەکیشیان بریندار بوون. هەروەها شەڕ و پێکدادانەکان تا کاتژمێرەکانی ئێوارە درێژەی کێشا.

کاتێک چەتەکان لە هەوڵدا بوون تەرمی کوژراوەکانیان ببەنەوە، یەکینەکانی شەهید هارون هێرشیان کردە سەر ٣  گرووپی چەتەکان و ئۆتۆمبێلی سەربازیی و ئۆتۆمبێلێکی تری پیکاپیان تێکشکان. لەوێیش هەژمارێکی چەتەکان کوژراون و هەندێکی دیکەشیان برینداربوون، بەڵام ژمارەی روونتر بەدەست نەکەوتووە.

یەکینەکانی شەهید هارون تانکێک و پیکابێکی سەر بە چەتەکانیان لە دەوروبەری گردی سیراتەلیان تێکشکاند. هەروەها ٢ چەتەش بریندار بوون.

هەروەها لە بەرەی دێرحافرەوە، چەتەکان بازگەیەکیان توپ باران کرد. لە ئەنجامدا کەسێکی مەدەنی بریندار بوو. شەڕڤانانمان وەڵامیان دایەوە."