قەسەدە: هەموو هێرشەکان تێکشکێندراون
قەسەدە ئاماری کۆتا ٢٤ کاتژمێری بەرخۆدانی شەڕڤانان و هێرشە داگیرکارییەکانی ئاشکرا کرد و ئاماژە بەوەکراوە وەک هەمیشە سەرتاپاکی هێرشەکان تێکشکێندراون.
قەسەدە ئاماری کۆتا ٢٤ کاتژمێری بەرخۆدانی شەڕڤانان و هێرشە داگیرکارییەکانی ئاشکرا کرد و ئاماژە بەوەکراوە وەک هەمیشە سەرتاپاکی هێرشەکان تێکشکێندراون.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) بە ڕاگەیاندراوێک ئاماری کۆتا ٢٤ کاتژمێری بەرخۆدانی شەڕڤانان و هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بڵاو کردەوە.
ڕاگەیاندراوەکەی قەسەدە بەم شێوەیە:
"دوێنێ (دووشەممە) چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە دەوروبەری پردی قەرەقۆزاق هێرشیان کردە سەر خاڵی هێزەکانمان، بەڵام شەڕڤانانمان سەرجەم هێرشەکانیان تێکشکاند.
سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی گوندەکانی تینا، جعدە، بیر حسۆ، خەسەق، دیکان، مەلحە، قەلهیدە، سیا، کەژ و بەرزاییەکانی سێڤێ و پردی قەرەقۆزاقیان تۆپباران کرد. جێی ئاماژەیە زیاتر لە ٦٠ گولـلە هاون، تانک و مووشەکیان بەسەر ئەو ناوچانە باراندووە. لەئەنجامی تۆپبارانەکاندا، زیانی ماددی زۆر بەر ماڵ و موڵکی دانیشتووانی ناوچەکە کەوتووە. هێزەکانی داگیرکەر بە پشتیوانی تۆپخانەکانیان هێرشیان کردە سەر پێگەکانمان. بەڵام شەڕڤانانمان وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە و شەڕێکی توند هاتە ئاراوە. لە ئەنجامدا چەتەیەکی زۆر کوژران و ئەوەندەش کە ڕوون بووەوە ٣ ئەندامی چەتەکان بریندار بوون. هەروەها یەکینەکانی شەهید هاروون گورزیان لە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی چەتەکان وەشاند. هەروەها شەڕڤانانمان لە دەوروبەری پردەکە هێرشی دووەمیان تێکشکاند. لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە چەتەکان کوژراون و ژمارەیەکی دیکەشیان برینداربوون، جێی ئاماژەیە ژمارەی کوژراو و بریندارەکان بە روونی نەزانراوە.
لە بەرەی عەین عیسا؛ سوپای داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی گوندی ئەبو سرایان لە ڕۆژئاوای عەین عیسا بە چڕی بۆردومان کرد. لە ئەنجامدا تۆپبارانەکە زیانی ماددی بە ماڵ و موڵکی مەدەنی هاوڵاتیان گەیاند. هەروەها فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەر بە درێژایی ڕۆژ بەسەر ئاسمانی عەین عیسا، شاری کۆبانێ و دەوروبەریدا سووڕاونەتەوە."