قەسەدە هێرشی کردە سەر بنکەکانی سوپای تورک: ٤ سەرباز کوژران

قەسەدە ڕایگەیاند لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا، ٥ بنکەی سوپای داگیرکەری تورکی لە هەرێمە داگیرکراوەکان کردۆتە ئامانج، لە ئەنجامدا، ٥ سەرباز کوژراون و ٥ سەرباز برینداربوون.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) پەیوەست بەم بابەتە ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەم زانیارییانە بڵاوکراوەتەوە: "لە چوارچێوەی مافی پاراستنی ڕەوا بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی، هێزەکانمان بنکەکانی داگیرکەری لە گوندەواری ناوچەی زرگانی لە باکوری حەسەکە کردە ئامانج.

دوێنێ (٩ ی تشرینی یەکەم) کاتژمێر ٩:٣٠، هێزەکانمان بنکەکانی داگیرکەری لە گوندەکانی ئوم شەعیفە و باب ئەلفەرەج و تەل محەمەد و داودیە و عەبدئەلحەی لە گوندەواری شارۆچکەی زرگان بە زیاتر لە گولەهاوەن کردە ئامانج، لە ئەنجامدا ٤ سەربازی تورکی داگیرکەر کوژران، ٥ سەرباز بریندار بوون.

بەم جۆرە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی وەڵامدانەوەی هێزەکانمان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ١٥ سەربازی تورک کوژراون، ١٣ سەرباز بریندار بوون.

لەلایەکی ترەوە، سەرۆکی ڕژێمی داگیرکەری تورک، زنجیرەیەک درۆی بڵاوکردەوە سەبارەت بەو شوێنانەی لەلایەن فڕۆکەکانیانەوە کراونەتە ئامانج و ژمارە شەهیدی هێزەکانمان، گوایە ١٦٢ شەڕڤانی هێزەکانمان شەهید بوون و ١٩٤ ئامانج ڕوخێنراون. ئەم بانگەشانە بەتەواوی بەدرۆدەخەینەوە، هەموو ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، شوێنی خزمەتگوزاری و ژیانی بوون، بەهۆیەوە نزیکەی ٤٥ کەس شەهیدبوون، ١١ کەسیان مەدەنی بوون، ئەوانیتر لە هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر بوون ئەوکاتەی لە ناوەندێکی پەروەردەیی خۆیاندا بوون".