قەسەدە لە ٢٠٢١دا ١١٥ ئۆپەڕاسیۆنی لەدژی داعش ئەنجامداوە

قەسەدە ئاماری ساڵی ٢٠٢١ی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو ١١٥ ئۆپەراسیۆنیان دژی چەتەکانی داعش ئەنجامداوە و هۆشداریش دەدات لەوەی، کە دەوڵەتی تورک دەیەوێت سەرلەنوێ داعش سەرپێ بخاتەوە.

ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی سوریای دیموکرات-قەسەدە ئاماری ساڵی ٢٠٢١ی کاروچالاکییەکانی هێزەکانیانی ئەنجامدا.

بەگوێرەی ئامارەکە، ساڵی ڕابردوو هێزەکانی قەسەدە ١١٥ ئۆپەراسیۆنیان دژی شانە نوستووەکانی داعش ئەنجامداوە و ٩٣ شانەی داعشیان ئاشکراکردووە و ٨٠٢ چەتە و گومانلێکراوی داعش دەستگیرکراون.

هەر بەگوێرەی ئامارەکەی قەسەدە، ساڵی ڕابردوو ١٦ پیلانی چەتەکانیان بۆ ئەنجامدانی هێرش پووچەڵکردووەتەوە، کە یەکێکیان پیلانی هێرشکردنە سەر زیندانی حەسەکە بووە، هەروەها ٤٧ کردەوەی تیرۆریستییش لە کۆتا خولەکەکانی ئەنجامدانی کردەوەکاندا پووچەڵکراونەتەوە و بەکۆی گشتیش هەشت چەتەی داعش کوژراون و ٨٧ کەرەستەی تەقەمەنیش پووچەڵکراونەتەوە.

قەسەدە ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرکردە و چەتەکانی داعش هەوڵیانداوە سوود لەو دۆخە وەربگرن، کە سوپای تورک و چەتەکانی هێرشیان دەکردە سەر ناوچە جیاجیاکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و دەیانویست ئەو دۆخە بقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانی کردەوەکانیان، دەشڵێت: دەوڵەتی تورک دەیەوێت سەرلەنوێ چەتەکانی داعش سەرپێ بخاتەوە.

ف.ق