قەسەدە لە دێرەزۆر ئۆپراسیۆنی ئەنجامدا و ٢٤ چەتەی داعشی دەستگیرکرد
هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) رایگەیاند، لە ٢٣ی ئایاردا لە رۆژئاوای دێرەزۆر ئۆپراسیۆنیان ئەنجامداوە و چوونەتە سەر ٥٣ خاڵ و شوێن و ٢٤ چەتەیان دەستگیرکردووە.
هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) رایگەیاند، لە ٢٣ی ئایاردا لە رۆژئاوای دێرەزۆر ئۆپراسیۆنیان ئەنجامداوە و چوونەتە سەر ٥٣ خاڵ و شوێن و ٢٤ چەتەیان دەستگیرکردووە.
ناوەندی راگەیاندنی قەسەدە لەوبارەیەوە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بە بەشداریی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزەکانمان لە ٢٣ی ئایاردا دەست بە ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوان لە دژی شانەکانی داعش لە هەرێمەکانی جەزرەت بوو حەمید و ناوچەکانی رۆژئاوای دێرەزۆر و کامپەکانی ئەو ناوچانە کرا".
ناوەندی راگەیاندنی قەسەد راشیگەیاندووە، ئۆپراسیۆنەکە لە دوای زۆربوونی پەلامار و هێرشەکانی داعش و هەندێک لایەنی تر بوو لە دژی ریشسپییان و شێخەکانی ناوچەکە و کارمەندانی دام و دەزگا خزمەتگوزارییەکان و کادێرانی پەروەردە و لەسەر داوای هاووڵاتییانی ناوچەکە ئەو ئۆپراسیۆنە ئەنجامدرا.
ئاماژە بەوەکراوە، ئۆپراسیۆنەکە لە دژی ٥٣ خاڵ و شوێن ئەنجامدراوە، کە کامپی ئاوارەکانیشی دەگرتەوە، چونکە چەتەکانی داعش لە ناو کامپەکان و ئاوارەکاندا خۆیان دەشارنەوە و بۆمب دروستکردن فێری ئەندامانیان دەکەن و راهێنانی تیرۆریستییان پێ دەکەن.
لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لە ئۆپراسیۆنەکەدا ٢٤ تیرۆریست دەستگیرکران، کە ٣ تیرۆریستییان ئەو کەسانەن، کە چوارشەممەى رابردوو موئەید رەیاش ئەندامی ئەنجووومەنی یاسادانانی دێرەزۆریان تیرۆر کردبوو.
ناوەندی راگەیاندنی قەسەدە باسی ئەوەیکردوە، هێزەکانیان پلانە تیرۆریستییەکانی چەتەکانیان پووچەڵ کردووەتەوە و ئەوەشی راگەیاندووە، "هێزەکانمان دەستیان بەسەر ژمارەیەکی زۆر بۆمبی دەستکرد، چەکی کلاشینکۆف، ئامێرەکانی پەیوەندی، کاغەزی هەواڵگری، پلانی هەندێک ئۆپراسیۆنی تیرۆریستی و ماددەی هۆشبەردا گرتووە".
ژ.ت