قەسەدە لە دەیرەزۆر وەڵامی هێرشەکانی دایەوە: ١٩ چەتە کوژران

قەسەدە وەڵامی هێرشی چەتەکانی حکومەتی دیمەشقی بۆ سەر دەیرەزۆر دایەوە، ١٩ چەتە کوژران و ٢٠ چەتە برینداربوون. لە چالاکییەکەدا، ٣ شەڕڤانی قەسەدە شەهیدبوون.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) پەیوەست بە هێرشی چەتەکان بۆ سەر گوند و شارۆچکەکانی ئەبو حەردۆب و زیبان و ئەبو حەمام لە ڕۆژهەڵاتی دەیرەزۆر، ڕاگەیاندراوێکی لە ماڵپەڕە فەرمییەکەی بڵاوکردەوە.

قەسەدە لە ڕاگەیاندراوەکدا ئاشکرای کرد، لە وەڵامی هێرشەکەدا، ٣ شەڕڤان شەهیدبوون، هەروەها گوتی، تۆپێکی چەتەکان بەر ماڵێک کەوتووە، ٤ کەس شەهیدبوون و ١٠ کەس برینداربوون.

ڕاگەیاندراوەکە بەم جۆرەیە:

"چەتەکانی ڕژێمی دیمەشق و هێزەکانی ئاسایشی سەر بەو ڕژێمە، ئەمڕۆ بە تۆپ و هاوەن و دۆشکە هێرشیان کردە سەر گوند و شارۆچکەکانی ئەبو حەردۆب و زیبان و ئەبو حەمام، لە ئەنجامدا قوربانی کەوتەوە.

هێرشەکە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر ٥:٠٠ لە سێ لاوە دەستی پێ کرد، چەتەکان لە گوند و شارۆچکەکانی سیبەخان و دیوەر و مەیادینی ڕۆژئاوای ڕووباری فورات و لەژێردەستی ڕژێمی سوریاوە هێرشیان کرد. هاوکات بە تۆپ و هاوەن و دۆشکە، چەتەکان هەوڵیاندا خۆیان بگەیەننە هەرێمەکانمان، بەتایبەت گوند و شارۆچکەکانی ئەبو حەردۆب و زیبان و ئەبو حەمام لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات.

هێزەکانمان هەوڵیاندا ڕێگە لە پێشڕەوی چەتەکان بگرن و شەڕ پەیدابوو. لە ئەنجامدا، ١٩ چەتە کوژران، ٦ چەتە لە زیبان و ١٣ چەتە لە گوندی ئەبو حەردۆب، هەروەها بەلەمێک کە چەتەکانی تێدابوو، تێکشکێنرا و ٢٠ چەتە و لەنێویاندا سەرچەتەیەک بە ناوی مەروان ئەلفازیل کە بەرپرسێکی چەتەکانی "ئوسود ئەلشەرقیە"ی ڕژێمی سوریایە، برینداربوون.

لە هێرشەکەدا گولە هاوەنێک بەر خانووی هاوڵاتییەک کەوت، بەهۆیەوە ٤ کەسی مەدەنی شەهید و ١٠ سڤیل بریندار بوون، هەروەها لە ئەنجامی وەڵامدانەوەکە، ٣ شەڕڤان شەهیدبوون.

پشتڕاستی دەکەینەوە، هێزەکانمان بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمەکە، هەردەم تێدەکۆشن و پلانەکان دژی ئارامی هەرێمەکە و دانیشتووانەکەی لەناودەبەین".