قەسەدە مۆڵەتی ١٥ ڕۆژ دەداتە چەتەکانی دەیرەزۆر

قەسەدە مۆڵەتی ١٥ ڕۆژ دەداتە ئەو چەتانەی دەستیان هەبووە لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی دەیرەزۆر، تاوەکو خۆیان ڕادەست بکەن.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) لە ڕاگەیاندراوێکدا بانگەوازی لەو کەسانە کرد کە دەستیان هەبووە لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی دەیرەزۆر، تاوەکو خۆیان بگەیەننە هێزەکانیان و لەماوەی ١٥ ڕۆژدا ڕەوشی خۆیان چارەسەر بکەن.

ڕاگەیاندراوەکە بەم جۆرەیە:

"ئێمە وەک هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، بانگەواز لە تەواوی ئەو چەکدارانە دەکەین کە دەستیان هەبووە لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی دەیرەزۆر و هەڵاتوون بۆ هەرێمەکانی ژێردەستی ڕژێم، لەماوەی ١٥ ڕۆژدا (لە ئەمڕۆ دەست پێ دەکات) خۆیان بگەیەننە هێزەکانمان، بگەڕێنەوە بۆ هەرێمەکە و ڕەوشی خۆیان چارەسەر بکەن. بۆ پەیوەندیکردن بە هێزەکانمان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەم ژمارانەی واتساپ بەردەستن:

0980988356

0995025361

0987390739

0983298866

هەروەها بانگەواز لەو کەسانە دەکەین لە هەرێمەکەدا چەکیان هەڵگرتووە، لەمڕۆوە تا ١٥ ڕۆژی تر، چەکەکانیان ڕادەست بکەن و ڕێوشوێنە یاساییەکان دەست پێ بکەن.

هێزەکانمان پشتیوانی خۆیان بۆ خەڵکی دەیرزۆر دووپات دەکەنەوە کە بەهۆی هێرشی چەکدارەکانەوە بۆ سەر دامەزراوە خزمەتگوزاری و ئیدارییەکان زیانیان بەرکەوتووە".