قەسەدە ئاماری چالاکییەکانی ٣ ڕۆژی ئاشکرا کرد

قەسەدە ڕایگەیاند، لە چالاکییەکانی وەڵامدانەوەدا، ٦ سەربازی داگیرکەری تورک و چەتەیەک کوژراون، هەروەها ٧ سەربازی تورک و ٥ چەتە بریندار بوون.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە)، بە ڕاگەیاندراوێک ئاماری ٣ ڕۆژ چالاکی وەڵامدانەوەی دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی ئاشکرا کرد.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەم زانیارییانە بڵاوکراوەتەوە:

"هێزەکانمان، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، لەچوارچێوەی مافی پاراستنی ڕەوا، بە چالاکی کاریگەر وەڵامی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان دایەوە و زیانێکی گەورەیان بەسەر ڕیزەکانی هێزەکانی تورکی داگیرکەردا هێنا.

ئاماری چالاکییەکانی ٣ ڕۆژەی هێزەکانمان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

ڕۆژی هەینی کاتژمێر ٢١:٠٠ هێزەکانمان لە گوندەکانی یابیسە، عەبدۆک، سەیدا، جەماجیم، تینا و مەزرا لە گرێ‌سپی چالاکییان لە دژی بنکەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەنجامدا. لە چالاکییەکەی دژی کەمپی یابیسە، ٣ سەربازی تورک لەنێویاندا ئەفسەرێک کوژران و ٣ سەربازی تورکیش بریندار بوون. لە چالاکییەکدا دژی بنکەی گوندی عەبدۆکێ، ٢ سەربازی داگیرکەری تورک کوژران و ٣ سەربازی داگیرکەریش بریندار بوون. لە چالاکییەکەی دژی بنکەی مەزرا، چەتەیەک کوژرا و ٥ چەتەی دیکەش بریندار بوون.

ئەنجامی چالاکییەکان دژی بنکەکانی سوپای داگیرکەری تورک لە گوندەکانی جەماجیم و سەیدا نەزانراوە.

هێزەکانمان لە بنکەکانی دەوروبەری عەین عیسا بە چەکی قورس زیانێکی زۆریان بە داگیرکەران گەیاند.

ڕۆژی شەممە ٧ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ١٤:٠٠ هێزەکانمان لە عەین عیسا و گوندەوارەکانی، چالاکییەکیان ئەنجامدا دژی بنکەیەکی سوپای داگیرکەری تورک لە گوندی تیبەی. ئەنجامی چالاکییەکە ڕوون نەبووەتەوە. هەروەها لە گوندی مەردودیە دژی بنکەی داگیرکەران چالاکی ئەنجامدرا. لە ئەنجامدا سەربازێکی سوپای داگیرکەری تورک کوژرا و سەربازێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوو.

ئاماری زیانەکانی سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی، وەهایە:

ژمارەی کوژراوانی سەربازەکانی داگیرکەری تورک: ئەفسەرێک و ٦ سەرباز مردوون.

ژمارەی سەربازە بریندارەکانی سوپای داگیرکەری تورک: ٧

ژمارەی کوژراوی چەتەکان: ١

ژمارەی برینداری چەتەکان: ٥

هێزەکانمان پشتڕاستی دەکەنەوە کە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر خاکەکانمان دەوەستنەوە، و مافی وەڵامدانەوەی ڕەوایان هەیە وەک لە هەموو یاسا نێونەتەوەییەکان باسکراوە".