قەسەدە ئاماری تاوانەکانی دەوڵەتی تورکی ئاشکرا کرد

قەسەدە ئاماری هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئاشکرا کرد، ڕایگەیاند ١٥ کەس شەهیدبوون.

فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) بە ڕاگەیاندراوێک ئاماری هێرشەکانی دوێنێ دەوڵەتی تورکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی قەسەدە هاتووە:

"دوێنێ دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستپێکرد و چالاکییەکەی لە ئەنقەرە بە بیانوو هێنایەوە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکیان بۆ تۆمەتبارکردنی هێزەکانمان نییە".

هەروەها قەسەدە، دووپاتی کردەوە، هێرشەکان هەموو جوگرافیا و پێکهاتەکان دەگرێتەوە، دەبێتە مایەی زیندووبوونەوەی داعش.

قەسەدە ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمەکە.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە ئاماری هێرشەکان بەم جۆرەیە:

"ژمارەی شەهیدەکان، ١٥ شەهید، ٨ سڤیل و ٦ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، شەڕڤانێکی قەسەدە، هەروەها ژمارەیەک کەسی تر بریندار بوون.

١- تەل تەمر و دەوروبەری

- کاتژمێر ١١:٣٠ بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان وێستگەی ئاوی گوندی تەویلە کرایە ئامانج، زیانی مادی کەوتەوە. هەروەها گوندی ڕیکوبا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کرایە ئامانج و زیانی مادی هەبوو.

- کاتژمێر ١٤:٤٠ بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بنکەی هێزەکانمان لە گوندی دیردارە کرایە ئامانج و زیانی مادی کەوتەوە.

١- عامودا و دەوروبەری

- کاتژمێر ١١:٠٠ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دەوڵەتی داگیرکەری تورک گوندی تەل حەبەشی کردە ئامانج، ٦ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ شەهیدبوون و ٢ ئەندام بریندار بوون.

- کاتژمێر ١٥:٣٠ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان وێستگەی سوتەمەنی عامودای بۆردومان کرد.

- کاتژمێر ١٦:٠٠ دەوڵەتی تورک بە هاوەن و تۆپ گوندی بۆبی و دابات عەبدوڵا و میشرەفەی تۆپباران کرد.

٣- قامیشلۆ و دەوروبەری:

-دەوڵەتی داگیرکەری تورک کاتژمێر ١٤:٣٠ بەنزینخانەی قامیشلۆی بە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان کردە ئامانج. لە ئەنجامدا زیانی مادی کەوتەوە.

- کاتژمێر ١٥:٣٠ سوپای داگیرکەری تورک بە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان کۆگایەکی پیشەسازی بۆردومان کرد و زیانی مادی بەر کۆگاکە کەوت.

-کاتژمێر ٢١:٠٠ دەوڵەتی داگیرکەری تورک بینایەکی بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بۆردومان کرد.

- کاتژمێر ٢٢:٠٠ دەوڵەتی داگیرکەر تورک بە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان ئاشێکی دەوروبەری گوندی گیرباوی بۆردومان کرد.

- کاتژمێر ١٢:٠٠ گوندی تەل خاتون و کاتژمێر ١٣:٣٣ شارۆچکەی تربەسپی بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بۆردومان کران. کاتژمێر ١٦:٣٠ وێستگەی نەوتی گوندی میزگەف بە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان بۆردومان کرا. لە ئەنجامدا زیانی مادی کەوتەوە.

- کاتژمێر ١٦:٢٥ شوێنێکی ئابووری بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆردومان کرا و زیانی مادی لێکەوتەوە.

-لە کاتژمێرەکانی ئێوارەدا ٤ کێڵگەی نەوتی بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە تربەسپی بۆردومان کران. لە ئەنجامدا هاووڵاتییەکی سڤیل شەهید بوو. جگە لەوەش بە گشتی ٥ کەس بریندار بوون کە یەکێکیان مناڵە.

- بەنزینخانەی تربەسپی کرایە ئامانج و لە کار کەوت.

٤- دێرک و دەوروبەری

- کاتژمێر ١٠:٣٠ فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەوروبەری بەنداوی چلاغای بۆردومان کرد.

- کاتژمێر ١٠:٠٠ وێستگەی ئەلقەوس لەلایەن فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە کرایە ئامانج و زیانی مادی لێکەوتەوە.

- لە کاتژمێرەکانی ئێوارەدا گوندەکانی خانە سێری و سێگرکە و بەنزینخانەی شارۆچکەی چلاغا ٧ جار لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە بۆردومان کران. هەروەها نەخۆشخانەی کۆرۆنا لە گوندی گرێ ڤیرا کرایە ئامانجی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک. لە ئەنجامدا ٢ کارمەندی نەخۆشخانە بریندار بوون.

- وێستگەی دەرهێنانی نەوت لە سوەیدا ٨ جار لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆردومان کرا و لە کار کەوت.

حەسەکە

-کاتژمێر ٨:٠٠ی بەیانی، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک، کارگەی ڕەملەی لە نزیک گوندی میشەرف بۆردومان کرد. لە ئەنجامدا کرێکارێک شەهید بوو و ٣ کرێکاری دیکەش بریندار بوون.

- کاتژمێر ٩:٣٠ فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئۆتۆمبێلێکی بۆردومان کرد. لەئەنجامی بۆردومانەکەدا ٢ شەڕڤانمان بە سوکی بریندار بوون.

- کاتژمێر ١١:٣٠ فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان دەوروبەری کەمپی کۆچبەرانی وەشوکانی سەرێکانی کردە ئامانج. لە ئەنجامدا هاوڵاتییەکی مەدەنی شەهید بوو و ٢ هاوڵاتی مەدەنیش بریندار بوون.

هەرێمی فورات

- کاتژمێر ١٠:٤٥ لە عەین عیسا دەوڵەتی داگیرکەری تورک ماتۆڕسکیلێکی بە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان بۆردومان کرد لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا ٢ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و ٢ بریندار بوون.

- کاتژمێر ١٠:٤٥ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان شارۆچکەی سیرینی بۆردومان کرد. لە ئەنجامدا هاوڵاتییەکی مەدەنی شەهید بوو و ٢ بریندار بوون.

- باخچەی سەوزەواتەکانی نزیک شارۆچکەی سیرین بە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان بۆردومان کران. لە ئەنجامدا ٢ کرێکاری مەدەنی شەهید بوون.

٧ – مەنبەج

سوپای داگیرکەری تورک بە چەکی قورس و تۆپ گوندەکانی گری حیۆک، کۆکیلی، قەرتوێران، مەحسینلی، سەیدە، عیون دادات، جات، شێخ یەحیا و قەرەقۆزاقیان تۆپباران کرد. لە ئەنجامدا شەڕڤانێکی مەجلیسی سەربازی مەنبەج شەهید بوو.

٨- گوندەواری باشوری عەفرین و هەرێمەکانی شەهبا

- سوپای داگیرکەری تورکیا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان پێگەی هێزەکانی حکومەتی دیمەشقی لە گوندی مەیاسەی سەر بە قەزای شێراوا بۆردومان کرد. لە ئەنجامدا ٢ سەربازی حکومەتی دیمەشق بریندار بوون.

- دەوڵەتی داگیرکەری تورک گوندی زیوانی سەر بە شەهبای بە چەکی قورس تۆپباران کرد.

- دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە چەکی قورس تۆپبارانی ناوچەی تەل ڕەفعەتی هەرێمی شەهبای کرد.

- سوپای داگیرکەری تورک گوندی مەرەعنازی سەر بە ناوچەی شێراوای باشوری عەفرین، ناوچەی نێوان گوندەکانی تەل جەمال و زیارەتی سەر بە ناوچەی شێراوای بە چەکی قورس تۆپباران کرد.

- سوپای داگیرکەری تورک گوندەکانی مەیاسە، گوندی مەزن، کەلوتە، دارستانی سۆغانکە و بێنەی سەر بە ناوچەی شێراوا و هەروەها گوندەکانی مەرەعناز، شوارغە و کشتعار لە باشوری عەفرین بە چەکی قورس تۆپباران کرد.