ھێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆسەر رۆژئاوا بەردەوامە

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر شەوی ڕابردوو بارەگایەکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی لە ناوچەی کۆچەراتی کردە ئامانج. هەروەها چوار گوندی لە شەهبا و شێراوا بۆردوومان کرد.

شەوی ڕابردوو فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بارەگایەکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیان لە گوندی کۆچەراتی سەر بە ناوچەی دێرک لە کانتۆنی قامیشلۆ بۆردوومان کرد.

لە ڕاگەیەندراوێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆدا ھاتووە، بە ھۆی ھێرشەکە ژمارەیەک لە ئەندامانیان شەهید بوون و هەندێکیشیان بریندار بوون، ڕاشگەیەندراوە، دواتر زانیاری ورد لەوبارەیەوە بڵاودەکەنەوە.

لە لایەکی دیکەوە بەرەبەیانی لە شەهبا، ناوچەی تل ڕفعەت و گوندەکانی عەین دەقنە و سەموقە و لە شێراواش گوندی سۆغانکە بۆردومان کراون، کە بنکەیەکی هێزەکانی حکومەتی دیمەشق لە گوندە دایە. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانەکانی بۆردومانەکە نەخراوەتەڕوو.